چیرۆکی داتەپینی تومەنی ئێرانی
+964
فەهمی نەبی – هەولێر
لە بازاڕی گۆڕینەوەی دراو ئەگەر بیانەوێت ئاماژە بۆ بێبەهایی شتێک بکەن، دەڵێن، “وەک تومەنی ئێرانییە”، ئەمە قسەی سامان عەزیزە، ئەو خاوەنی کۆمپانیای گۆڕینەوەی دراوە.
تومەن، وشەیەکی تورکیە لە وشەی تومین وەرگیراوە، واتا 10 هەزار.
ئەگەرچی ناوی دراوی فەرمی ئێران (ریاڵ)ە، بەڵام ئێرانییەکان و بازاڕی کوردستانیش هەر پێی دەڵێن تومەن، هۆکاری مانەوەی ناوەکەی ئەوەیە، تا ساڵی 1932 دراوی ئێران ناوی تومەن بووە.
راستییەکی سەرسوڕهێنەر لەبارەی مێژووی دراوی ئێرانی هەیە، لە سەردەمی سەفەوییەکان، دراوی مامەڵەکردن لە ئێران ناوی محەمەدی بوە، بەڵام ناوی تومەن لە بازاڕدا بەکارهاتووە، بەگوێرەی نوسراوی سەفەرنامەکەی ژان شاردن، نرخی یەک تومەنی دراوی محەمەدی، بەرامبەر 45 لیرەی فەرەنسی بووە، کە دەکاتە نزیکەی 700 دۆلاری ئەمریکی ئێستا.
ئەی کەوایە بۆچی تومەنی ئێرانی بەو دەردەچوو؟
بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی 12ی 2022، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی چوار ملیۆن و 280 هەزار تومەنی ئێرانیە.
نەوزاد محەمەد، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابوری، لەبارەی بێ بەهابوونی تومەنی ئێرانی بۆچوونی وابوو، ئێران دوای ساڵی 1979، سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی گرتووەتەبەر، بۆیە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەرحەق بە سیاسەتی دەستوەردانی ئێران گەمارۆی ئابورییان لەسەر ئەو وڵاتە داناوە.
بە قسەی ئەو، “ئێران دەستوەردانی لەهەر وڵاتێک کردبێ دراوەکەی ریسوا بووە، بۆیە بەردەوام ویستویەتی لە رێگای ئابوری ئەو وڵاتانەوە بەهای تومەن رابگرێت، وەک ئەوەی ئێستا بەرامبەر عێراق دەیکات، دۆلارێکی زۆر لە بازاڕی عێراقی دەکێشێتەوە بۆ ئەوەی دابەزینی تومەن رابگرێت”.
چیرۆکەکە چۆن دەستیپێکرد؟
بەرلە روودانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979، بە ساڵێک، تومەنی ئێرانی لە ریزبەندی 16یەمین بەهێزترین دراوی جیهان بوو، بەڵام گۆڕینی دەسەڵاتی محەمەد رەزاشا، بە تەواوی دراوی ئێرانی لە ریزبەندییەکان دوورخستەوە.
رێکەوتی 8ی 8ی 1988 شەڕی عێراق و ئێران وەستا، واتا 10 ساڵ دوای دەستپێکی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 12 هەزار تومەن بوو.
شۆکە ئابورییەکە لە ساڵی 1995 دەستیپێکرد، کاتێک نرخی 100 دۆلار گەیشتە 40 هەزار و سێ سەد تومەن، لەو ساڵەدا تومەن بەراورد بە ساڵێک پێش خۆی، سەدا 54 بەهای بەرامبەر دۆلار لەدەستدا.
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2009، تومەنی ئێرانی بەهاکەی خێرا لەدەستدا و 100 دۆلار گەیشتە 100 هەزار تومەن.
سێ ساڵ دوای ئەوە و لە ساڵی 2012، نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 380 هەزار تومەن مامەڵەی پێوەکرا.
لەم ساڵانەی دوایی دانوستانەکانی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەگەڵ ئێران، بۆ ماوەی سێ ساڵ بەهای تومەنی جێگیرکرد.
رۆژی 14ی تەمموزی 2015، ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، رێککەوتنێکی نوێیان واژۆکرد، سوودی ئەو رێککەوتنە ئازادکردنی ئابووری ئێران بوو لە گەمارۆکان.
ساڵی 2016 لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان، بەڵێنیدا لە ئەگەری دەرچوونی، سیاسەتی ئەوپەڕی فشار بەرامبەر ئێران بگرێتەبەر، هەرواش دەرچوو، ساڵی 2018، ئەمریکا لە دانوستانە ئەتۆمییەکە کشایەوە.
داتاکانی بانکی جیهانی ئەوەیان دەرخستووە، بەهۆی دانوستانە ئەتۆمیەکەوە لەو ساڵانە، ئابوری ئێران نزیکەی سەدا 13 هەزار گەشەی کردبوو.
تاوەکو ساڵی 2018، نرخی 100 دۆلار گەیشتە ملیۆنێک و پێنج سەد هەزار تومەن.
ئایندەی تومەن هەرچییەک بێ بەڵام کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری عێراق و هەرێم بەردەوام دەبێت، لە ساڵی 2021، قەبارەی هاوردەکردنی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، حەوت ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە.