80 ملیۆنی تێچووه‌

لەمەولا لە ناو سلێمانی یاریی شاخەوانی بکە

+964
دیلان محەمەد جەزا

ئەمڕۆ شه‌ممه‌ دیواری ده‌ستكردی شاخه‌وانی لە پارکی هەواری شاری سلێمانی کرایەوە، كه‌ تێچووه‌كه‌ی 80 ملیۆن دینارە، سەرجەم پێویستیەکانیشی لە ئێرانەوە هێندراوە.
هیوا عەبدولقادر سەرپەرشتیاری پڕۆژەكه‌ بە 964 وت، بۆ یەکەمجارە دیواری شاخه‌وانی لە شاری سلێمانی دروست ده‌كرێت، تێچوەکەی لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە دابین کراوە.

باسی لەوەکرد، دیواره‌كه‌ لە لایەن شاخەوانانەوە سوودی لێ ده‌بینرێت، لە تەمەنی منداڵانەوە تا تەمەنی گەورە دەتوانن بەکاری بهێنن، بە مەرجێک کەرەستەی پێویستیان هه‌بێت.
“دوای کردنەوەی دیواره‌كه‌، خولی فێربوونی بێ بەرامبەر بۆ گەوران و منداڵان دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی بە شێوازێکی دروست فێری شاخه‌وانی بکرێن”، هیوا عه‌بدولقادر وای وت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، لە ساڵی 2021ەوە داوای دروستکردنی دیواره‌كه‌ کراوە، كه‌ دواجار ئەمڕۆ بە رووی شاخەواناندا كرایه‌وه‌، كه‌ لە دوو دیوار پێکهاتووە، دیواری یەکەم جۆری لیدە و 12 مەتر به‌رزه‌ و پێنج مەتریش پانه‌، دیواری دووه‌میش بۆڵدرنه‌ و پێنج مەتر بەرزە و حەوت مەتر پانه‌”.

به‌ قسه‌ی سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌، پرۆژه‌كه‌ 80 ملیۆن دیناری تێچووە و سەرجەم پیداویستییەکانیشی لە ئێرانەوە هێندراون.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

بۆ یەکەمجار گرووپێکی شاخەوانی کچان لە ئاکرێ راگەیەندر...

بۆ یەکەمجار گرووپێکی شاخەوانی کچان لە ئاکرێ راگەیەندرا