تەنیا دوو رۆژ بێ باران دەبێت
دوو شەپۆلی باران بارین بەرەو ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دێن
964+
ئەحمەد مستەفا
بەپێی پێشبینی کەشناسی هەرێمی کوردستان بێت، “رۆژی هەینی و رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، دوو شەپۆلێکی نوێی باران بارین دێنە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان”.
بەپێی پێشبینییەکانیش رۆژی شەممە 18.11.2023 و رۆژی یەکشەممە 19.11.2023، کەشەکە سەقامگیر دەبێت و دەتوانن کارەکانتان بەبێ تەڕبوون رایی بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.11.2023، دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ 964 ئاماژەی بەوەکرد، “دوای دابارینەکەی چوارشەممە، رۆژی هەینی دووبارە شەپۆلێکی نوێی دابارین لەسەر هەرێمی کوردستان چڕ دەبێتەوە، و پلەکانی گەرمی زیاتر دادەبەزن”.
رۆژی شەممە و یەکشەممەی داهاتوو ئەو کاریگەرییە کەم دەبێتەوە و کەش سەقامگیر دەبێت، بەڵام بەوتەی دیلان رەشاد”رۆژی دووشەممە و سێشەممە دووبارە بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە”.
دوێنێ چوارشەممە بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە؛ لە پارێزگای هەولێر 30.2 ملیم، سلێمانی 9.1 ملیم، دهۆک 0.5 ملیم، کەرکوک 27 ملیم و لە هەڵەبجە 7 ملیم باریوە, لە قەزاکانیش بەرزترین رێژە بە 32.4 ملیم لە چەمچەماڵ بووە.