مۆندیالی 2026

ئه‌مڕۆ عێراق یاریی هه‌یه‌ و كاساس به‌ڵێنی هیچ نادات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ پاڵاوتنه‌كانی مۆندیالی 2026 و جامی ئاسیای 2027، هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ شاری به‌سڕه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی ئیندۆنیسیا ده‌بێته‌وه‌، راهێنه‌ری عێراقیش به‌ڵێنی هیچ شتێك به‌ عێراقییه‌كان نادات.
یارییه‌كه‌ كاتژمێر 5:45 خوله‌ك ده‌ستپێده‌كات و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت زیاتر له‌ 60 هه‌زار كه‌س له‌ یاریگه‌ی به‌سڕه‌ هانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بده‌ن.
هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌ ده‌ست پێكانی چه‌ند یاریزانێكی گرنگی ده‌ناڵێنێت، به‌ڵام خیسۆس كاساسی ئیسپانی، راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دوێنێ رایگه‌یاند، حیسابی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ یاریزانی پێكراوی هه‌یه‌ و یه‌ده‌گی باشی هه‌یه‌ و بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌ن.
وتیشی، هه‌ڵبژارده‌ی ئیندۆنیسیا به‌هێزه‌ و چه‌ند یاریزانێكی پیشه‌گه‌ری له‌ ئه‌وروپا هه‌یه‌.
عێراق له‌ پاڵاوتنه‌كانی مۆندیالی 2026 له‌ كۆمه‌ڵه‌ی شه‌شه‌مه‌ له‌ ته‌ك ئیندۆنیسیا، ڤێتنام و فلیپین، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی لۆژیكی، كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ئاسانه‌.

عێراق ئه‌مجاره‌ ده‌گاته‌ مۆندیال؟
ئه‌مه‌ پرسیاری هه‌موو وه‌رزشدۆستانی عێراقه‌، كه‌ ئایا تیپه‌كه‌یان ئه‌مجاره‌ی خه‌ونی گه‌یشتن به‌ مۆندیال ده‌كاته‌ راستی، به‌ تایبه‌تی دوای زیادكردنی هه‌ڵبژارده‌كانی به‌شدار له‌ مۆندیالی داهاتوو بۆ 48 هه‌ڵبژارده‌ و زیادبوونی كورسییه‌كانی كیشوه‌ری ئاسیا.
خیسۆس كاساس راهێنه‌ری عێراق ده‌ڵێت، “به‌ڵێنی هیچ شتێك به‌ كه‌س ناده‌م، چونكه‌ ئه‌م كاره‌ به‌ ته‌نیا له‌سه‌ر من ناوه‌ستێت، هۆكاری دیكه‌ش هه‌یه‌ یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن، به‌ڵام به‌ڵێنی كاری جدی و به‌رده‌وام ده‌ده‌م بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ به‌ ئامانجه‌كه‌مان و ئه‌نجامی باش به‌ده‌ست بهێنێن”.

پاڵاوتنه‌كانی ئاسیا بۆ گه‌یشتن به‌ مۆندیال
له‌ پاڵاوتنه‌كانی ئاسیا بۆ گه‌یشتن به‌ مۆندیالی 2026 (قۆناغی دووه‌م)، پاڵاوتنه‌كان هاوبه‌شن له‌گه‌ڵ پاڵاوتنی گه‌یشتن به‌ جامی ئاسیای 2027، كه‌ 36 هه‌ڵبژارده‌ به‌سه‌ر 9 كۆمه‌ڵه‌ دابه‌شكراون، دوای ئه‌وه‌ی قۆناغی یه‌كه‌م كۆتایی هات.
له‌و قۆناغه‌شدا یه‌كه‌م و دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كان راسته‌وخۆ بۆ قۆناغی سێیه‌می پاڵاوتنی مۆندیال سه‌رده‌كه‌ون، هاوكات ئه‌و تیپانه‌ راسته‌وخۆ ده‌گه‌نه‌ كۆتاییه‌كانی جامی ئاسیای 2027.
پاڵاوتنه‌كانی گه‌یشتن به‌ مۆندیال، له‌ پێنج قۆناغ پێكهاتووه‌ و له‌ كۆتاییدا 8 هه‌ڵبژارده‌ی ئاسیا ده‌گه‌نه‌ كۆتاییه‌كانی مۆندیالی 2026.

هەڵبژاردەی عێراق بوو بە پاڵەوانی جامی شای تایلەند

هەڵبژاردەی عێراق بوو بە پاڵەوانی جامی شای تایلەند