"سیمای شاریان تێکداوە"

شارەوانیی سلێمانی زیادەڕۆییەکانی حەوت ناوچە لادەبات

964+

پێشەوا محەمەد

شارەوانیی سلێمانی زیادەڕۆییەکانی حەوت ناوچەی سلێمانی لادەبات و بەرپرسێکی شارەوانیش دەڵێت، لەو ناوچانە سیمای شار تێکدراوە و شەقامەکان رێکدەخەنەوە.

ئەو شوێنانەی شارەوانی بەنیازە زیادەڕۆییەکانیان لابدات بریتین لە؛ شەقامی کانی با، ناو بازاڕی سەرچنار، سەر شەقامی هەواری شار، شەقامی سی مەتری ئازادیی، ناوبازاڕی سلێمانی، شەقامی سالم و چەند شەقامێکی تر.

عوسمان عارف، بەرپرسی بەشی زیادەڕۆیی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو شوێنانە هی شارەوانین ئەوانەی زیادەڕۆییان کردووەتە سەر و عارەبانە و مێزیان لێداناوە نە کرێ دەدەن نە باج و بە پاشەڕۆکانیشیان شوێنەکانیان پیس کردووە.

وتیشی، “سکاڵایەکی زۆری هاوڵاتیانمان بۆ هاتووە کە ئەو ناوچانە ئاستەنگی هاتوچۆی تێدا دروست بووە و سیمایەکی ناشارستانیان بەو شوێنانە بەخشیوە”.

پێشتر چەند جارێک شارەوانیی سلێمانی هەوڵی لابردنی ئەو زیادەڕۆییانەی داوە، بەڵام دواتر دروستبوونەوە.

“وەزارەتی شارەوانی نووسراوی بۆ کردووین ئەگەر بێت و ئەو زیادەڕۆییانە لانەبەین ئەوا بە کەمتەرخەم لە قەڵەممان دەدات”، ئەوەش قسەی عوسمان عارفە.

شارەوانی سلێمانی هۆشداری لەسەر رێگایەکی ناو شار دەدات

شارەوانی سلێمانی هۆشداری لەسەر رێگایەکی ناو شار دەدات