داواكارییه‌كان جۆراوجۆرن

ئه‌مڕۆش مامۆستا و قوتابیان و خوێندكاران له‌ چه‌ند شوێنێك گردبوونه‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

له‌ چه‌ند شوێنێكی جیاوازی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ مامۆستایان و و خوێندكاران و قوتابیان گردبوونه‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان داواكاریی خۆیان هه‌یه‌.

سلێمانی
ئه‌مڕۆ له‌ سلێمانی قوتابیانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی جارێكی دیكه‌ گردبوونه‌ته‌وه‌ و به‌ رێپێوان به‌ره‌و په‌روه‌رده‌ی گشتیی سلێمانی رۆیشتن.
په‌یامنێری 964 له‌ سلێمانی ئه‌وه‌ی گه‌یاند، قوتابیانی پۆلی 12 به‌شێكی شه‌قامی 60 مه‌تری، لای ته‌لاری هونه‌ریان داخستووه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی كاریان به‌و رێگه‌یه‌یه‌، واباشتره‌ رێگه‌یه‌كی دیكه‌ هه‌ڵبژێرن.

بازیان
له‌ قه‌زای بازیان قوتابیانی پۆلی 12 به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر گردبوونه‌وه‌ و له‌ به‌رده‌م قایمقامیه‌تی قه‌زاكه‌ داواكارییه‌كانیان خسته‌ڕوو.

قه‌لادزێ
مامۆستایانی وانەبێژ و میلاک و چین و توێژی جیاوازی ناوه‌ندی قه‌زای پشده‌ر، گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
په‌یامنێری 964 لە قه‌ڵادزێ زانیاریی ئه‌وه‌ی گه‌یاند، خۆپێشانده‌ران له‌ ئامادەیی قەڵادزێ بە رێپێوان بەرەو ناو بازاڕ چوون و دروشمی جیاجیان ده‌ووته‌وه‌، دواتر لە ناوەڕاستی بازاڕدا گردبوونەوە و هەردوو سایدی ناو بازاڕیان گرت.
ئه‌وان داوای بەدەمەوە هاتنی داواكارییه‌كانیان ده‌كه‌ن.

گه‌رمیان
له‌ كه‌لاریش خوێندكارانی زانكۆی پزیشكیی گه‌رمیان جارێكی دیكه‌ گردبوونه‌وه‌، په‌یامنێری 964 زانیاری ئه‌وه‌ی گه‌یاند، خوێندكاران سوورن له‌سه‌ر داخستنی زانكۆكه‌یان.
ماوه‌ى هه‌شت هه‌فته‌یه‌ خوێندكارانى ئه‌و كۆلیژه‌ له‌ گه‌رمیان له‌ گردبوونه‌وه‌كانیان به‌رده‌وامن و داوا ده‌كه‌ن كۆلیژه‌كه‌یان دابخرێت.

داواكارییه‌كان جۆراوجۆرن
به‌ پێی زانیارییه‌كان و رووماڵی 964 بۆ ئه‌و خۆپێشاندان و گردبوونه‌وانه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوو و ئێستاشدا، ده‌رده‌كه‌وێت داواكارییه‌كان جۆراوجۆرن، مامۆستایانی میلاك بۆ شكاندنی بایكۆت و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌وام، داوای دوو موچه‌ی به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ن، مامۆستایانی وانه‌بێژیش جگه‌ له‌ موچه‌، داوای دامه‌زراندنیان به‌ شێوه‌ی هه‌میشه‌یی ده‌كه‌ن.

هه‌رچی قوتابیانی پۆلی 12ی ئاماده‌یین، داواكاریی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌، مه‌نهه‌جی خوێندنی ئه‌مساڵیان بۆ كه‌مبكرێته‌وه‌، یان كاتی خوێندنیان درێژ بكرێته‌وه‌، چونكه‌ دەڵێن به‌هۆی بایكۆتی مامۆستایانه‌وه‌ كاتی زۆریان له‌ ده‌ست چووه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ زۆربه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی بایكۆتی تێدا كراوه‌، پۆلی 12 له‌ خوێندن به‌رده‌وامن، داواكارییه‌كانیشیان تا ئێستا له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ وه‌ڵام نه‌دراوه‌ته‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌ خوێندنكارانی زانكۆی پزیشكیی گه‌رمیان داوای داخستنی زانكۆكه‌یان ده‌كه‌ن، چونكه‌ دەڵێن کۆلیژەکەیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانپێدانراو نییە، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌موكوڕیی زۆریش له‌ كۆلیژه‌كه‌ هه‌یه‌.