بە 25 هەزار دینار سەرە دەفرۆشرایەوە
لەمەودوا بە پارە سەرەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی مەگرن
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بەهۆی ئەوەی بەشێک لە هاوڵاتیانیان ناتوانن سەرەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بەدەستبهێنن، ناچار روو لە دوکانەکان و نوسینگەکان دەکەن و 25 هەزار دینار دەدەن، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت، ئەو کارە نایاساییە و لێپێچنەوە لەگەڵ ئەو شوێنانە دەکەین.
محەمەد بەختیار هاوڵاتیەکی سلێمانیە بە 964ی وت، “خۆم و هاوڕێیەکم بۆ ماوەی سێ هەفتە رۆژانی پێنجشەممان سەرقاڵی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی پاسپۆرت بووین، بەڵام بەرماننەدەکەوت”.
ئەو هاوڵاتیە دەڵێت، دوای ئەوەی زانیاریمان وەرگرت لە دوکانەکانی دەوروبەری بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت لینکەکە پڕ دەکەنەوە بە 25 هەزار دینار سەردانی شوێنەکەمان کرد.
لەسەر ئەم بابەتە عەمید سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە 964ی وت، لە هەفتەی رابردووەوە کاتی سەرە وەرگرتن بەشیوەی ئەلیکترۆنی درێژکراوەتەوە، پێشووتر تەنیا شەوانی شەممە دەکرایەوە، بەڵام ئێستا لە شەوانی پێنجشەممە تا شەممە لینکەکە کارایە.
بەوتەی عەمید سالار عەبدوڵا لە هەفتەی رابردووەوە ئەو کێشەیە چارەسەرکراوە و لایەنی پەیوەندیدار لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو نوسینگانە دەکەن کە سەرە دەفرۆشنەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی