بەغدا
لە عێراق
446 کەس لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیر کراون
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای دەکات، لەمساڵدا 446 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق دەستگیر کردووە.
تۆمەتەکان بریتی بوون لە فرۆشتنی ئەنجامەکانی جەستە، بازرگانیکردنی بە مرۆڤ و سواڵکردن، کە ژن و منداڵیان تێدایە.
عەمید حوسێن تەمیمی، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، دیاردەی سواڵکردن زۆر بووە و ئەوەش جۆرێكە لە بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، كە تێیدا منداڵی بچووك، ژنان، بەساڵاچووان و كەمئەندامان بەكاردەهێنرێن.
سزای بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە بە پێی یاسای ژمارە 28ـی ساڵی 2012ـی تایبەت بە قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، زیندانیكردنە بۆ 15 ساڵ یان زیندانیکردنی هەتاهەتایی.
“وەزارەتی ناوخۆ بە چڕی بەدوای ئەو باندانەوەیە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن و رووبەڕوویان دەبێتەوە”، ئەوەش قسەی عەمید حوسێن تەمیمییە.