وەزارەتی تەندروستی - وێنە: 964
"پەتای وەرزی بڵاوبووەتەوە"
وەزارەتی تەندروستی: خەڵک نایەت بۆ پشکنینی کۆڕۆنا
964+
فەهمی نەبی
ساڵانە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا پەتای وەرزیی بڵاودەبێتەوە لەگەڵ ئەوەدا چەند رۆژێک لەمەوبەر هەواڵی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بڵاوکرایەوە، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، “هیچ داتایەکمان لەبەردەست نییە، چونکە خەڵک نایەت بۆ پشکنینی کۆرۆنا”.
ئەمڕۆ چوارشەممە د.سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بۆ 964 وتی، ساڵانە لەم کاتانە پەتای وەرزی بڵاودەبێتەوە، نیشانەکانی ئەو پەتایە هەمان نیشانەکانی کۆرۆنایە، بەڵام ناتوانین بڵێن کۆرۆنا بڵاوبووتەوە، چونکە خەڵک لەکاتی تووشبوون بەو پەتایە ناچێتە سەنتەرەکان بۆ پشکنین.
بەوتەی د.سەرکار سورچی، بەردەوام ڤاکسینی دژە پەتای وەرزی لە بنکەی نەخۆشخانە سەرەکیەکانی گەڕەکەکان هەیە، داواکاریمان ئەوەیە لەکاتی تووشبوون بەو پەتایە خەڵک دوور بکەوێتەوە لە دەرزی تێکەڵە کە لەلای بەشێک لە عیادەی لاکۆڵانەکان هەیە.
رۆژی 6.11.2023 لەرێگەی پەیامنێرانی 964 سۆراغی بڵاوبونەوەی کۆرۆنامان کرد، دەرکەوت چەندین حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە و یەکێک لەو گەنجانەی تووشبووی کۆرۆنایە و بەوهۆیەوە لەجێگە کەوتووە.
تەندروستی جیهانی دەڵێت، بۆ پەتای وەرزی چەند چارەسەرێک دەستنیشانکراون، پشوودان، خواردنەوەی ئاو بەڕێژەیەکی زۆر لەگەڵ خواردنی سەوزە و میوە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ئەگەر کەسێک نیشانەکانی پەتای وەرزی لێ دەرکەوێت دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.