دیمەنێک لە درەختی سورەچنار کە لە هەرێمی کوردستان روێندراوە _ وێنە: 964
هەناسەی مرۆڤن
قەدری درەختی سوورەچنار بزانن
ئەحمەد مستەفا
درەختی سوورەچنار یان(سوورەنار – پەڵک) دارێکی تەمەن درێژە زیاتر لە سێ هەزار ساڵ دەژی، جوتیارێک لە گوندی کوڵکنی دەشتی شارەزوور گەشەی پێداوە و ئێستا دەیان نەمامی هەیە بۆ چاندن.
ئەم درەختە گەوهەر ئاسایە، لە دوورەوە گەڵاکانی لە (گەڵا مێو) دەچێت، بە گوێرەی توێژینەوەکان، زۆر حەزی لە هەڵمژینی دوکەڵی سەیارە و کارگەکانە و دووەم ئوکسیدی کاربۆن بەخێرایی دەگوڕێت بۆ ئۆکسجین، بۆیە دەورووبەری زۆر لە پایتەختەکانی جیهان ئەم دارەی لێ روێندراوە.
یەک نەمامی سوورەچنار نرخەکەی لە پێنج هەزار دینارەوە دەستپێدەکات، و باڵایان یەک مەتر و زۆرجار تا نزیکی دوو مەترە، پاشتر بە گوێرەی خزمەتکردن و ئاودان تەمەنیان هەڵدەکشێ و باڵایان بەرزتریش دەبێتەوە، سەرەڕای ئەمانەش ئاڵای فەرمی وڵاتی (کەنەدا) وێنەی گەڵای ئەم درەخته ی لەسەرە.
عەلی محەمەدی جوتیار بۆ 964 وتی، ئەم درەخته کە لە پایزدا رەنگی گەڵاکانی دەگۆڕێن بۆ سوور و پرتەقاڵی زۆر حەزی بە ئاو و نزیک چەم و کانیە، بەڵام لە ناو باخ و ماڵیش دەچێندرێت، وەک داری چەتر یاخود سێبەر بەکاردێت، بە مەرجێک ساڵانە هەڵپاچینی قورسی بۆ بکرێ کەخۆی درەختێکی زۆر خۆڕاگرە.
سوورە چنار درەختێکە گەشەی خێرایە و بۆنێکی زۆر تایبەت و سروشتی هەیە.