ئەمساڵ بەرهەمی کەمترە
لە سنووری بەردەڕەش دروێنەی گەنمە شامی دەستیپێکرد
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
گەنمە شامی سنووری قەزای بەردەڕەش بەناوبانگە و ساڵانە بڕێکی زۆری لێدەچێندرێت و خواستێکی زۆری لەسەرە، بۆ ئەمساڵ گەنمە شامی کەمتر لەو سنوورە چێندراوە و بەرهەمیشی کەمترە لە چاو ساڵی پار.
سیداد عەبدولستار جوتیارێکی گوندی دالەڕێیە لە سنوری بەردەڕەش بە 964ـی وت، ئێستا کاتی دروێنەی گەنمە شامییە، تا رادەیەک باشە، بەڵام بەرهەمی پار ساڵ باشتر و زۆرتر بوو، بەهۆی زیاتر چاندن و هەروەها کەش و هەوا لەبارتر بوو.
وتیشی، بۆ هەر 10 دۆنم زەوییەک نزیکەی 50 کیلۆ گەنمە شامی دەچێنین و تۆوەکانیش هەمووی تاقیکراوەتەوە جۆری باشن و بەرهەمی باشی هەیە.
تەحسین سلێمان بەڕێوبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش بە 964ـی وت، ئەمساڵ لە سنووری بەردەڕەش نزیکەی پێنج هەزار دۆنم زەوی بە گەنمەشامی چێندراوە، پێشبینی دەکەن بەرهەمەکەی بگاتە 10 هەزار تۆن کە بڕکەی کەمترە لە پار، چونکە ئەمساڵ کەمتر گەنمە شامیان چێندراوە.
گەنمە شامی لە دوو وەرزدا دەچێنرێت بەهار و پایزە، ئەوەی بەهاران لە 20.3 دەچێندرێت و لە سەرەتای مانگی حەوت دروێنە دەکرێت، ئەوەی پایزیش لە کۆتایی مانگی شەش دەچێندرێت و لە کۆتایی مانگی 10 دروێنە دەکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی