ماریۆ بارگاس یۆسا. گرافیک.
لەسەر کورد چی وتووە؟
دوایین رۆماننوسی گەورەی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین بێدەنگ دەبێت
964+
پێشەوا محەمەد
ماریۆ بارگاس یۆسا بوومەلەرزەیەکی لە دونیای ئەدەبیاتدا. ئەو لەم ماوانەدا دەرکەوتەوە و بە راگەیاندنی کۆتاییهێنان بە دوایین رۆمانی بەناوی “بێدەنگیمت دەدەمێ” ئەوەی راگەیاند، کە دوا رۆمانی دەبێت.
هەروەها سەبارەت بە وتاریش، وتی دەیەوێت وتارێک لەسەر جان پۆڵ سارتەر بنووسێت، کە لە گەنجێتیدا مامۆستای بووە و ئیدی ئەوەش دوا وتاری دەبێت.
ئەم هەواڵە بۆ دونیای ئەدەبیات و خوێنەرانی جیهان و بەتایبەت خوێنەرانی ئەمریکای لاتین شۆکهێنەرە، چونکە مارۆ بارگاس یۆسا دوایین زەبەلاحی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتینە، کە گەشاوەترین ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتینیان نەخشاند.
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی لا ڤانگاردیا ئەو نووسەرە وتی، “تەمەنم 87 ساڵە و هەرچەندە گەشبینم، بەڵام پێم وانییە ئەوەندە تەمەنم درێژ بێت، کە بتوانم کار لەسەر رۆمانێکی نوێ بکەم، بەتایبەتی کە سێ بۆ چوار ساڵم دەوێت تا رۆمانێک بنووسم”.
یۆسا ساڵی 1963 یەکەم رۆمانی نووسی و بەو رۆمانە نوێیەوە 20 دانەی نووسیوە، جگە لە دەیان کتێبی وتار، ساڵی 2010 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی پێبەخشرا.
یۆسا لە دوای ساڵی 2023ـەوە یەک جار هاتووەتە کوردستان و لە پێشەکیی کتێبێکی وەرگێڕدراوی بۆ سەر زمانی کوردی دەڵێت، “من زۆر حەیران و سەرسامم بە گەلی کورد و مێژووە دڵتەزێنەکەیان. چەند ساڵێک لەمەوبەر، ئاواتەکەم بەدی هات، سەرم لە کوردستانی عێراق دا و حەپەسا بووم لەوەی کوردانی ئەو وڵاتە کە لە ناو توندوتیژییەکی پیسدا دەژیان، چۆن وێنەیەکی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دڵفراوانییەکی دیموکراتی نیشان دەدەن. سا لە بەر ئەوە، کاتێک زانیم کتێبێکم بۆ کوردی وەرگێڕدراوە، شاگەشکە بووم و خۆم بە منەتبار دەزانم”.