بزانە چی روویدا

له‌ عێراق یارییه‌كی تۆپی پێ دوای شه‌ش خوله‌ك كۆتایی هات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ناوبژیوانی یاریی نێوان هه‌ردوو یانەی مینا و شۆڕتە کۆتایی بە یارییه‌كه‌ هێنا دوای شه‌ش خوله‌ك له‌ ده‌ستپێكردنی، یانه‌ی خاوه‌ن یاریگه‌ به‌ دۆڕاو هه‌ژمار كرا.

یارییه‌كه‌ شه‌وی رابردوو له‌ گه‌ڕی سێیه‌می خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق بوو له‌ یاریگه‌ی به‌سڕه‌، به‌ڵام دوای شه‌ش خوله‌ك له‌ فیكه‌ی ده‌ستپێك، یارییه‌كه‌ كۆتایی پێهات.
یانه‌ی مینا به‌ ته‌نیا به‌ 7 یاریزانه‌وه‌ هاته‌ ناو یاریگه‌، چونكه‌ تیپه‌كه‌ یاریزانی نییه‌ و له‌لایه‌ن فیفاشه‌وه‌ سزا دراوه‌ له‌وه‌ی گرێبه‌ست واژۆ بكات.
له‌ خوله‌كی 4دا یانه‌ی شوڕته‌ گۆڵێكی له‌ رێگه‌ی موهه‌ننه‌د عه‌لی “میمی” تۆمار كرد، دواتر له‌ خوله‌كی شه‌ش یاریزانێكی مینا تووشی پێكان بوو، به‌ پێی یاسای یاریی تۆپی پێ تیپ له‌ ناو یاریگه‌ نابێت له‌ 7 یاریزان كه‌متر بێت، بۆیه‌ ناوبژیوان فیكه‌ی كۆتایی یارییه‌كه‌ی به‌ سه‌ركه‌وتنی شوڕته‌ به‌ 3-0 گۆڵ لێدا.
یانەی مینا دوای سەپاندنی سزاکانی فیفا تووشی قەیرانێکی کارگێڕی بووە، دوای ئه‌وه‌ی یەکێک لە یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كانی پێشووی یانەکە سکاڵایەکی تۆمارکردووە و داوای پێدانی پارەکەی کردووە.
هه‌روه‌ها یاریزانانی دیكه‌ی یانەی مینا بڕیاریان دا بەشداریی یارییەکانی یانەکە نەکەن، تا شایسته‌ داراییه‌كانیان بۆ خه‌رج نه‌كرێت، بۆیه‌ تیپه‌ یاریزانی پێویستی بۆ یارییه‌كانی نییه‌.
فەرید مەجید یاریدەدەری راهێنەری یانەی مینا بۆ تۆڕی 964 وتی، “دۆخی یانه‌ی مینا باش نییه‌، به‌ ئیداره‌ی یانه‌كه‌شمان وتووه‌، ئەگەر چارەسەرێک بۆ کێشەی ئەو سزایانه‌ی یانه‌كه‌ نەدۆزێتەوە ئه‌وانیش یانه‌كه‌ جێده‌هێڵن”.
وتیشی، كێشه‌كه‌ لەو کاتەوە دەستیپێکرد یەکێک لە یاریزانەکان سکاڵای لەسەر یانەکە تۆمارکرد و داوای پێدانی پارەکەی کرد، ئەمەش وایکرد فیفا رێگریمان لێبکات لە گواستنەوەی یاریزانی نوێ.
“ئێمە تەنیا 11 یاریزانمان هەیە کە دەتوانن بەشداریی خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق بکەن، بەڵام پێش یارییه‌كه‌ 4 یاریزانمان ژەهراوی بوون، ناچاربووین تەنیا بە 7 یاریزان بەشداری یارییه‌كه‌ بکەین”، فه‌رید مه‌جید وا ده‌ڵێت.
یانه‌ی مینا یه‌كێكه‌ له‌ یانه‌ دێرین و ناسراوه‌كانی عێراق، به‌ڵام دووچاری بارودۆخێكی سه‌ختی سزادان هاتووه‌.

یانەی نەورۆز بە گۆڕانکاریی گەورەوە بەشداری خولی عێراق ...

یانەی نەورۆز بە گۆڕانکاریی گەورەوە بەشداری خولی عێراق دەکات