نەورۆز یاریگاکەی لە نەورۆزدا دەکاتەوە
سلێمانی مانگی سێ دەبێتە خاوەن دوو یاریگای نێودەوڵەتی
+964
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
رێژەی 80٪ـی کارەکانی دروستکردنی یاریگای نێودەوڵەتی یانەی نەورۆز تەواو بووە، چاوەڕێ دەکرێت لە نەورۆزدا قردێلەکەی بقرتێنرێت.
بە کردنەوەی ئەم یاریگایە، سلێمانی دەبێتە دووەم یاریگای نێودەوڵەتی، بەڵام یاریگای نەورۆز، تایبەتمەندییەکانی لە یاریگای سلێمانی زیاتر دەبێت.
رووبەری یاریگەکە 35 هەزارو 611 مەتر دووجایە، 15 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە، جێگەی 14ھەزارو 500 ھاندەر هەیە..
پڕۆژەکە، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020 دەستیپێکردووە، بڕیارە لە 20 مانگدا تەواو ببێت.
بایز محەمەد، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری دروستکردنی یاریگەی نەورۆز بە +964ـی وت؛ بەھۆی ھەندێک گرفتەوە ماوەیەک کارەکان وەستا بوون، ئێستا کارەکان دەستیپێ کردۆتەوەو چاوەڕێ دەکرێت مانگی ئازار، واتە لە نەورۆزدا یاریگای یەنەی وەرزشی نەورۆز بەڕووی هاندەروان و یاریزانان و یریکردن لەسەر چیمەنەکەی بکرێتەوە.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی یاریگەکە، بوونی پارکێکی گەورەی ئۆتۆمبێلە کە جێگەی هەزارو 500 ئۆتۆمبێل دەگرێت.
لە یاریگەی نەورۆز، ژووری تایبەت بە سیستمی ڤار، هەروەها 20 جێگە دەستنیشانکراوە بە کامێراو گواستنەوەی یاریەکە بەشێوەی راستەوخۆ.
“ھەموو ستاندارە نێودەوڵەتییەکان لە دروستکردنی یاریگەکەدا بەکاردەھێنرێ، تا ببێتە ئەو یاریگەیەی تیمی وەرزشی و یاریزانە باشەکانی ئەموڵاتە سوودی لێببینن”بایر محەمەد وای وت.