شوێن نەماوە لە ناو شار
شارەوانی سلێمانی: مردوو بەرنە گۆڕستانە تازەکە
964+
توانا نەقی
شارەوانی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات چیتر مردووەکانیان نەبەنە گۆڕستانەکانی ناو شار چونکە هەم جێگە نەماوە هەمیش قەرەباڵخی و ئاستەنگ دروست دەبێت لە کاتی ناشتنی مردووەکان.
یەکێک لەو گۆڕستانەنەی کە لە ناو سلێمانیدایە گۆرستانی سەیوانە کە شوێنی ناشتنی مردووی نەماوە و دەکەوێتە ناوەندی شارەوە کەچی هاوڵاتیان تا ئێستاش مردوو دەبەنە ئەو گۆڕستانە، بۆیە شارەوانی داوا دەکات کە گۆڕستانی نوێی سلێمانی جێگەیەکی باشە و دەبێت ببرێنە ئەوێ.
زەدەرشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی وت، داوا دەکەن هاوڵاتیان ئیتر مردووەکانیان ببەنە گۆڕستانی نوێی سلێمانی لە نزیک شاری مامۆستایان.
وتیشی، گۆڕستانەکە لەسەردەمی کۆرۆناوە کراوەتەوە و شوێنێکی فراوانە و جێگەی باشی هەیە، دەتوانن ئۆتۆمبێلیش بە ئاسانی ببەنە ئەو جێگەیە.
وتەبێژی شارەوانی دەڵێت، تاکە گۆرستان کە جێگەی مابێت ئێستا گۆڕستانی بەکرەجۆیە لە سلێمانی، بۆ ئەوەی بە دووربن لەو حاڵەتانەش کە دوەترێت مردوو لە سەر مردوو دەنێژرێت باش وایە ببرێنە گۆڕستانی نوێ.
بەشێک لەو گۆڕستانانەی ئێستا کەوتوونەتە قەرەباڵخی شار و شوێنیان بە ئەستەم ماوە پێکهاتوون لە، گردی سەیوان، گردی سەلیم بەگ، مامەیارە، گۆڕستانی نزیک پردی کۆبانی و گۆڕستانی چوار چرا و چاندای دیکە.