964+
لە دوو رۆژی داهاتوودا
شاندی هەرێم بۆ 700 ملیارەکە دەچێتەوە بەغدا
964+
فەهمی نەبی
وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت، بۆ سەروسۆراغی 700 ملیارەکە ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچێتەوە بەغدا.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، بەهۆی دواکەوتنی ئەو بڕە قەرزەی کە پێشووتر بڕیاری لەسەردرا بوو، بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم بچێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی لە کۆبونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدرێت.
بەپێی قسەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم، دواکەوتنی پارەکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسەو باسی ناو کۆبوونەوەکان و رێککەوتنەکان بووە.
وتەبێژی حکومەت ئەوەش دەڵێت، “لە ماوەی رابردوودا نیەتی روونی حکومەتی هەرێم نیشاندرا بۆ رێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ. هیچ شتێک لەسەر ئێمە نەماوە کە ئەنجامیبدەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت، لەبەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێ دەنگ بین”.
لە مانگی ئەیلوولەوە دەستکرا بە ناردنی 700 ملیار دینار، یەک مانگی هات و مانگەکانی دیکە کێشەیان بۆ دروستبووە.
ئەو پارەیەی حکومەتی عێراق بڕیاریدا بینێرێت، لەرێگەی هەر سێ بانکی رافیدەین و رەشید و TBI بڕی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ ماوەی سێ مانگ، بانکی رافیدەین 250 ملیار، بانکی رەشید 250 ملیار و بانکی تی بی ئای 200 ملیار دینار دەنێرن.