دوو خانمی هەڵەبجە

داوا دەکەن تورەکەی خام وەکو جێگرەوەی نایلۆن بەکاربێت

964+

بڕوا مەجید – شارەزوور

دوو ژن لە پارێزگای هەڵەبجە سەرقاڵی پڕۆژەیەکن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی نایلۆن و پلاستیک لەسەر ژینگە.

ئەوان کاری دوورین و نەخشاندنی تورەکەی خام دەکەن، خۆیان دەڵێن پڕۆژەکەیان بە هاوکاری رێکخراوی نوێ بۆپاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان بووە.

غەمگین کاکە وەهاب کاری دوورین و رێکخستنی تورەکەکە دەکات و حوسنا مەحمودیش کاری دیزاین و نەخشاندن ئەنجام دەدات، ئەم دوو خانمە ماوی سێ ساڵە دەستیان بەو پڕۆژەیە کردووە، وەک خۆیان دەڵێن، “کارەکەمان لەپێناو ژینگەیە تاوەکو کیسی نایلۆن لە خاکی کوردستان کەمبکەینەوە”.

حوسنا مەحمود بۆ 964 وتی، “سەرەتا قوماشە خامەکە بەشێوەی تورەکە دەدوورین و ئوتوی دەکەین، دواتر بەشێوازێکی جوان و بە بۆیەی گیایی رەنگ دەکرێت کە هیچ زیانێکی نیە و کوالێتی زۆر باشی هەیە  و تێکەڵ بەو خواردنە نابێت کە تێی دەکرێت”.

حوسنا مەحمود ئەوەش دەڵێت، “زیاتر گەنجان پێشوازی لە کارەکانمان دەکەن، هاوکات جانتا بۆ قوتابیانیش دروست دەکەین”.

لای ئەو دوو خانمە، ئەو تورەکانەی سادەن هەر دانەیەکی بە هەزاز دینارە و ئەو تورەکانەشی نەخشیان تێدایە هەر دانەیەکی بە پێنج هەزار دینارە.