لە بەغدا
گلێنەی چاو بۆ 19 بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی دەچێندرێت
964+
ژووری هەواڵ
لیژنەیەکی وەزارەتی تەندروستی عێراق 19 بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی لە هەڵەبجە هەڵبژاردووە و دەیانبات بۆ بەغدا و لەوێ نەشتەرگەری چاویان بۆ ئەنجامدەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.10.2023، د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، ئەو بەرکەوتووانە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق نەشتەرگەری چاندنی گلێنەی چاویان بۆ دەکرێت و بەشێک لە نەخۆشەکانیش پێویستیان بە لکاندنی سپێنەی چاو و دەرهێنانی تەقەل و هەندێکیان پێویستیان بە نەشتەرگەری ئاوی سپی هەیە.
ئەو لیژنەیەی کە بەغدا ناربووی بۆ نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی، پسپۆری هەناوی و پسپۆری چاو بوون.
جگە لەو 19 نەخۆشەی کە لە هێرشی کیمیاوی رژێمی لەناوچووی بەعسدا زیان بەر چاویان کەوتووە، 45 بەرکەوتووی دیکەش کێشەی چاویان هەیە.
بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت، “لە قۆناغی ئایندەدا هەوڵدەدەین ئەوانیش چارەسەری پێویست وەربگرن”.
بە پێی زانیارییەکانی تەندروستی هەڵەبجە، تا ئێستا ژمارەی دیاریکراوی بەرکەوتوان دیار نییە، چونکە بەردەوام داواکاری هەیە و ئێستا لە هەڵەبجە زیاتر لە دوو هەزار، لە سلێمانی 500 و لە هەولێر سێ هەزار داواکاری هەیە کە دەڵێن بەرکەوتەی چەکی کیمیایین.