ئاوی تابین بوو بە فریادڕەسیان

لە پیرەمەگروون برنجی گوندی چاڵاخ پێگەیشت

964+
بەرزان عوسمان – دوکان

لە گوندی چاڵاخی سەر بە ناحیەی پیرەمەگروون جوتیاران بەرهەمی برنج دەدورنەوە، ئەگەرچی ئاو لە ناوچەکە کەم بوو، بەڵام سەرچاوەی ئاوی تابین بوو بە فریادڕەسی برنجەکەیان.

بەپێی ئامارێکی بەشی کشتوکاڵی پیرەمەگروون بێت، لە ئەمساڵدا رووبەری زیاتر لە 250 دۆنم زەوی سنوری ناحیەی پیرەمەگروون کراون بە مەرەزەی برنج.

ئاکۆ جەمال جوتیارێکی ناوچەکەیە ئەو بە 964ی وت، ئەمساڵ رووبەرێکی زۆری گوندی چاڵاخ کراوەتە بەرهەمی برنج و لە گوندەکە دوو جۆر چەڵتوکی برنج بەرهەم هاتووە، ئەویش چەڵتوکی زەرد و سوورە.

بەوتەی ئەو جوتیارە بێت، بەراورد بە ساڵانی پیشوو برنج نەکراوە، چونکە سەرچاوەکانی ئاو کەمبوونەتەوە، بەڵام وتی، “بەهۆی بوونی سەرچاوەی ئاوی تابین لە سنوری گوندی چاڵاخ تواندراوە ئەو رووبەرە لە برنج بەرهەم بهێندرێت”.

برنج لە مانگی ئایاری هەموو ساڵێک دەچێندرێت و له نزیکی کۆتایی مانگی تشرینی دووەم دەدورێتەوە، ئەو جوتیارە وتی، “یەک دۆنم بە یەک تەنەکە چەڵتوک دادەچێندرێت و بەرهەمی هەر دۆنمێکیش بەپێی ساڵانە 70 تا 150 تەنەکە برنجی لێ بەرهەم دە‌هێنرێت”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا