پێنج ملیار دیناری پێویستە

10 ساڵە بۆریی ئاوی چەمچەماڵ لە شکان نەکەوتووە

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

ماوەی 10 ساڵە بەشێک لە بۆریی سەرەکی هێڵی دووی دوکان – سلێمانی بەردەوام دەشکێت، سەرجەم شکانەکانیشی لە نێوان 200 مەتردایە لە نزیک پردی شەهید مامەڕیشە لە نێوان ناحیەی شۆڕش و قەزای چەمچەماڵ.

شکانی بەردەوامی بۆرییەکە ئەو شوێنەی کردووە بە  زەلکاو و  قامیشەڵان و لەوەڕگا بۆ ئاژەڵداران و کێشەی بۆ ئاوی چەمچەماڵیش دروست کردووە

سەرچاوەیەک لە بەڕێوبەرایەتیی فەرمانگەی دابەشکردنی ئاوی سلێمانی بە 964ـی وت، ماوەی سێ ساڵە فەرمانی گۆڕین و چاککردنی 10 کیلۆمەتر لەو بۆرییە دەرچووە بە بڕی پێنج ملیار دینار، “بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە جێبەجێ نەکراوە”.

“بۆرییەکە 37 ساڵ پێش ئێستا داندراوە و لە زۆر شوێن رزیوە و لە زۆر شوێنیش کون کراوە و بە زیادەڕۆ ئاوی لێوە راکێشراوە، بۆیە بەردەوام لە هەندێ شوێن دەشکێت”، سەرچاوەکەی 964 وای وت.

شکانی ئەو بۆرییە لە کاتێکدایە قەزای چەمچەماڵ لەوپەڕی بێئاویدایە و هەفتانە یەک جار و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر ئاویان پێدەدرێت.

سیروان جەمال، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی بە 964ـی وت، “چەند رۆژێکە رەزامەندیمان بۆ هاتووەوە بە بڕی 500 ملیۆن دینار لەو شوێنانەی بەردەوام دەشکێت چاکسازی لە بۆرییەکەدا بکەین و کۆمپانیایەک کارەکە دەکات”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

چارەسەر بۆ کێشەی کەمئاوی چەمچەماڵ پێشنیار دەکرێت

چارەسەر بۆ کێشەی کەمئاوی چەمچەماڵ پێشنیار دەکرێت