"پێنج ھەزار کرێچی تێدایە"
پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە کەلار خێری بۆ کرێنشینان نەبووە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
سەندیکای کرێنشینانی گەرمیان پێی وایە نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون گرانن، ئەوەش وای کردووە کرێنشینان نەتوانن لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون سوودمەند بن و “نەبووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی کرێنشین”.
بە پێی ئاماری سەندیکاکە، پێنج هەزار کرێنشین لە ئیدارەی گەرمیاندا بوونیان هەیە.
سەیوان کەریم، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان لە گەرمیان بە 964ـی وت، “کرینشینان توانای داراییان سنووردارە، ناتوانن سوود لەو پرۆژانەی نیشتەجێبوون وەربگرن، جگە لەوەی نرخەکەی زۆرە لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت پارەی خزمەتگوزاری بدەن مانگانە، ئەمەش نرخەکەی زیاتر دەکات لەسەر کرێچی، بۆیە ناتوانن بیانکڕن”.
لە دوای ساڵی 2020ـەوە لە گەرمیان مۆڵەت بە یەک پڕۆژەی نیشتەجێبوون دراوە و چوار پڕۆژەش تەنیا رەزامەندی کارکردنیان پێدراوە لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنانەوە.
“خانووی کرێش بە زەحمەت دەستدەکەوێت بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافی کەلارەوە ئاوارە و خەڵکێکی زۆر رووی تێدەکەن، ئەمەش وای کردووە نرخی کرێی خانوو بەرز بێت، لە سەروی 200 ھەزارەوەیە، بەپێی شوێن و شێوازی خانوەکەش نرخەکەی دەگۆڕێت”.
لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا دوو پڕۆژە تەواو کراون و رادەستی ھاوڵاتیان کراون، ئەوانیش پڕۆژەی لانە سیتی لە کەلار لە نزیکەی 350 یەکە پێکدێت و نەوژین سیتی لە ناحیەی رزگاری لە نزیکەی 408 یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێت.
“ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانەی لە لایەن وەبەرھێنەرەوە دروست دەکرێن تایبەت نین بۆ کرێچی، بۆیە ناتوانین بڵێین کاریگەری ھەبووە لەسەر کەمبوونەوەی رێژەی کرێچی لە سنوورەکە”، ئەوە قسەی چۆمان فەتاح، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرھێنانی گەرمیانە بۆ 964.
قەزای کەلار بە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دادەنرێت، لە 32 گەڕەک پێکدێت ص ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 226 ھەزار کەس دەبێت.
وەبەرهێنانی گەرمیان: راستەوخۆ قیستی شوقەكان مەدەن
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد