سۆراغ؛ حكومه‌تى عێراق داواى ده‌ركردنى حزبه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى نه‌كردووه‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

حزبه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ حكومه‌تى عێراق‌ به نهێنی پێڕاگه‌یه‌ندبن باره‌گاكانیان ببنه‌ ده‌ره‌وه‌ى خاكی عێراق.

چه‌ند میدیایه‌كى عێراقی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 25ـی كانونى یه‌كه‌م، له‌زارى سه‌ركرده‌یه‌كى ده‌وڵه‌تى یاسا، بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تى عێراقى به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی حزب و رێكخراوه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانى ئاگادار كردبێته‌وه‌ كه‌ باره‌گا و چالاكییه‌كانیان ببنه‌ ده‌ره‌وه‌ خاكى عێراق.

محه‌مه‌د ساڵح قادرى، به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانی حزبی دیموکرات، هەروەها و له‌زارى ره‌زا كه‌عبى، جێگرى سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان، لە دوو لیدوانی تەلەفۆنی جیاوازدا، ئه‌وه‌یان بۆ +964 پشتڕاست كرده‌وه‌، كه‌ تا ئێستا نه‌ حكومه‌تى عێراق و نه‌ حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستانیش داواكارییه‌كى له‌و شێوه‌یه‌یان ئاڕاسته‌  نه‌كردوون.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دواى سه‌ردانه‌كه‌ى محه‌مه‌د شیاع سودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ كۆمارى ئیسلامیی ئێران، له‌ 29ـی تشرینی دووه‌مى 2022، ده‌نگۆى ئه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ به‌غدا هه‌ندێ به‌ڵێنى به‌ تاران دابێ له‌باره‌ى پاراستنى سنووره‌كان و به‌تایبه‌تیش ده‌ركردنى حزب و رێكخراوه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان.