كریسمس پیرۆز كرا و هاوڵاتیانیش چاوه‌ڕێی ساڵی نوێ ده‌كه‌ن

964+
شۆڕش عه‌بدولستار – هه‌ولێر
ئاودێر عومه‌ر – سلێمانی

ڤیدیۆ

له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كریستیانه‌كان ئاهه‌نگی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی عیسایان پیرۆز كرد، هاوڵاتیانیش به‌ گشتی له‌ پێشوازی ساڵی نوێی 2023ـن.

هەرێمی کوردستان وه‌ك زۆربه‌ی شوێنه‌كانی دنیا خۆی بۆ پێشوازیكردن له‌ ساڵی نوێی 2023 ئاماده‌ كردووه‌، به‌ڵام حكومه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هیچ ئاهه‌نگ و بۆنه‌یه‌ك رێكناخات.

هاوكات شه‌وی رابردوو هاوڵاتییه‌ كریستیانه‌كانی كوردستان له‌ شار و شارۆچكه‌ جیاوازه‌كاندا ئاهه‌نگی یادی له‌دایكبوونی “حه‌زره‌تی عیسا”ـیان ئه‌نجام دا و نوێژی قه‌داسیان كرد.

له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، كریستیانه‌كان له‌ كه‌نیسه‌ی ماریۆخه‌ننا ئاماده‌بوون و نوێژیان كرد.

هاوكات نوێنه‌ری موسڵمانان و كاكاییه‌كانیش له‌وێدا ئاماده‌بوون.

سه‌رپه‌رشتیارانی رێوڕه‌سمه‌كه‌ رێگه‌یان دا ته‌نیا ده‌ خوله‌ك ده‌زگه‌كانی راگه‌یاندن ئاماده‌بن و وێنه‌ بگرن.
له‌ لایه‌كی دیكه‌ له‌ هه‌ولێر به‌شێكی زۆری شه‌قام و بازاڕه‌كان رازێندراونه‌ته‌وه‌ و هاوڵاتیان به‌ گشتی پێشوازیی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2023 ده‌كه‌ن.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌، وه‌ك رێزگرتن له‌ قوربانیانی ته‌قینه‌كانی سیستمی غاز له‌ سلێمانی و دهۆك، هیچ ئاهه‌نگێكی فه‌رمی نایه‌ته‌ ئه‌نجامدان.
به‌ڵام هۆڵ و كافیتریا و خواردنگه‌كان ئاهه‌نگی تایبه‌تیان بۆ سه‌ری ساڵ هه‌یه‌ و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن.

له‌ شاری سلێمانی به‌ هه‌مان ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازی له‌ ساڵی نوێ كراوه‌ و شەقامەکانی شارەکە رەنگاوڕەنگ كراون.

شەقامی سالم “سه‌هۆڵه‌كه‌” كه‌ دیارترین شه‌قامی قه‌ره‌باڵغی شاره‌كه‌یه‌، بە گڵۆپی رەنگاوڕەنگ رازێنراوەتەوە و دیمەنێکی جوانی بە شه‌قامه‌كه‌ بەخشیوە، لەلایەن خاوەنی دوکانەکانەوە چەند کۆشک و داری کریسمس دانراون و هەر لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ ئاهه‌نگێكی گەورەی موزیک و گۆرانی ده‌كرێت.

جگە لە رازاندنەوەی شەقامەکان، به‌شێك لە هاوڵاتیانیش ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ ده‌كه‌ن و لەبازاڕەکانیش جلوبەرگ و کەرەستەی رازاندنەوە بۆ شه‌وی سه‌ری ساڵ ده‌كڕن.