وێنەکان ببینە
کۆیە: ماتۆڕسوارێک بە سەختی بریندار بوو
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
لە ناو شاری کۆیە ئۆتۆمبێلێکی جۆری لانسەر لەگەڵ ماتۆڕسکیلێک پێکیاندا کێشا و هاتوچۆی کۆیەش دەڵێت، شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە بە سەختی بریندارە و رەوانەی هەولێر کراوە.
سەنگەر سەعید، وتەبێژی هاتوچۆی کۆیە بە 964ی راگەیاند، رووداوەکە کاتژمێر 7:30ی ئەمشەو لە شەقامی هەناری نزیک بانکی کۆیە روویداوە.
وتەبێژەکەی هاتوچۆی کۆیە باسی لەوەش کرد، شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە 35 ساڵە و خێزاندارە و منداڵێکی هەیە و بە سەختی بریندار بووە.
وتیشی، “هۆکاری رووداوەکە ئەوە بووە ئۆتۆمبێلی جۆری لانسەرەکە بەهۆی ئەوەی بە خێرایی رۆیشتووە، چووەتە سایدی بەرامبەری و خۆی بە ماتۆڕسکیلەکەدا کێشاوە”.
لە رۆژی هەینییەوە ئەوە سێیەم رووداوی هاتوچۆیە لە سنووری هاتوچۆی کۆیە رووبدات و بەهۆیەوە نۆ کەس بریندار بوون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا