تەمەنی چەندە؟

لە رواندز گۆزەیەکی شوێنەواری دوزرایەوە ئێسک و پروسکی مرۆڤی لەناو بووە

964+

ئاکام غەفور – رواندز

لە گوندی گەرەوانی قەزای رواندز لە کاتی هەڵکۆڵینی بناغەی نەخۆشخانەیەک گۆزەیەکی گەورە دەرکەوتووە، شوێنەواری سۆران دەڵێت، “خەملاندنەکانی ئێمە ئەوەیە، تەمەنی ئەم گۆزەیە 300 ساڵ بەر لە زاینە”.

ئەوەی دەرکەوتووە گۆزەیەکی گەورەی شێوە هێلکەیی بووە کە ئێسکە پەیکەری مرۆڤی تێدابووە، لە ناو گۆزەکە گۆزەیەکی بچووک و ئێسک و پروسکی مرۆڤێک هەبووە.

بەرپرسانی شوێنەوار دەڵێن، بەهۆی کارکردنی شۆفڵ لە شوێنەکە و دەستکاری کردنی ئاسەوارەکە لەلایەن خەڵکەوە نەتوانراوە تەواوی پارچەکان کۆبکرێنەوە.

هێمن رەشید جێگری بەڕێوبەری شوێنەواری سۆران بە 964ی وت، “رۆژی پێنجشەممە ئێمە لەلایەن قایمقامی رواندز ئاگادارکراینەوە، کاتێک سەردانی شوێنەکەمان کرد، دوو چینی شوێنەواری دەرکەوت، هاوکات گۆزەیەک دۆزراوەتەوە کە ئێسک و پروسکی کەسێکی تێدایە”.

جێگری بەڕێوبەری شوێنەواری سۆران دەڵێت، بەهۆی کارکردنی شۆفڵ گۆزەگە تێکچووە و خەڵکی گوندەکە ویستویانە ئێسکەکە دووبارە بنێژنەوە.

لەسەرەتای ئەمسال تاکو ئێستا 20 شوێنەوار لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دۆزراوەتەوە، شوێنەواری سۆرانیش ئەمساڵ کاری هەڵکۆڵینی لەچوار شوێنەوار کردووە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی