بریندار و گیانلەدەستدان هەیە

لە چیای قەرەچوغ شەڕ لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دروستبوو

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

کەمێک پێش ئێستا لە چیای قەرچوغ، لە سنووری قەزای مەخموور شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە دروستبووە، بریندار و گیانلەدەستدان هەیە.

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر بە 964ی وت، چوار بریندار هاتوونەتە نەخۆشخانەکە، یەکێکیان گیانیلەدەستداوە و یەکێکی دیکەیان رەوانەی فریاکەوتنی چڕ کراوە و دووانیان لە نەخۆشخانەکە چارەسەر وەردەگرن.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، “دەوترێت دوو گیانلەدەستدانی دیکە هەبووە، بەڵام نەهێنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر”.

غازی فەیسەڵ، فەرماندەی پێشمەرگەی خۆبەخش لە چیای قەرەچوغ هەواڵەکەی بۆ 964 پشتراستکردەوە و رایگەیاند، بریندار هەیە، بەڵام ژمارەیان نازانین و باس لە گیانلەدەستدانی چەند کەسێکیش دەکرێت لە هەردوولا.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە وتی، شەڕەکە لەنێوان یەکەی 80ـی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بووە و لەسەر کۆنترۆڵکردنی ژمارەیەک بارەگای نزیک کەمپی مەخمور روویداوە.

“هۆکاری دروستبوونی شەڕەکە ئەوەیە، پێشمەرگە رازی نییە بەوەی ئەو پێنج بارەگایەی لە نزیک کەمپی مەخمورن لەژێر دەستی سوپای عێراقدا بمێننەوە”، ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە وای وت.

بە وتەی غازی فەیسەڵ، “پێشمەرگە هێرشی کردووە و لەکۆی پێنج بارەگا، دووانیان کۆنترۆڵکراون”.