لەبری شێڵتەر دەیانبەن بۆ زیندان

964+

فەرهاد حەسەن – هەولێر

له‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆی سۆران شێڵته‌رى داڵده‌دانى ژنان نییه‌، ئه‌و ژنانه‌ى رووبه‌ڕووی توندوتیژى ده‌بنه‌وه‌، دەگوێزرێنەوە بۆ شاری هەولێر و لەوێ له‌ زیندانى گرتن و گواستنه‌وه‌ داڵده‌ ده‌درێن.

شێروان خالید، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سۆران به‌ +964ی وت، “شێڵته‌رى داڵده‌دانى ژنانمان له‌و سنووره‌ نییه‌، به‌ڵام به‌م دواییانه‌ ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تیمان وه‌رگرتووه ‌و بڕیاره‌ به‌م زووانه‌ جێبه‌جێ بكرێت”.

ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆی سۆران له‌به‌ر بێ شێڵته‌رى هه‌ر حاڵه‌تێكیان هه‌بووبێ، ره‌وانه‌ى هه‌ولێریان كردووه‌‌، تا كێشه‌كه‌ى چاره‌سه‌ر ده‌بێت، دوایی ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌.

شێروان ده‌ڵێت، ئه‌و ژنانه‌ى كێشه‌یان هه‌یه‌، ده‌یانبه‌نه‌‌ به‌شی گرتن و گواستنه‌وه‌ى هه‌ولێر‌، له‌وێ ژوورێكی تایبه‌ت هه‌یه‌ لێێ داده‌نرێن، دواى هه‌فته‌یه‌ك مانه‌وه‌یان ئینجا به‌ بڕیارى دادوه‌ر ره‌وانه‌ى شێڵته‌ر ده‌كرێن.

بە قسەی ئەو، ئه‌و ژنانه‌‌ تێكه‌ڵی ژنانى تر ناكرێن له‌و زیندانەی هەولێر، وه‌ك تۆمه‌تباریش ناخرێنە ئه‌و شوێنه‌‌، به‌ڵكو ته‌نیا له‌به‌ر سه‌لامه‌تى ژیانيان، له‌وێ داده‌نرێن.

تا ئێستا سێ حاڵه‌تیان هه‌بووه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ره‌وانه‌ى هه‌ولێر كراون، دووانیان كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بووه‌، سێیه‌میان ماوه‌ و تاوەکو ئێستاش هه‌ر له‌ هه‌ولێر ماوه‌ته‌وه.

+964 ده‌زانێت، له‌هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا چوار شێڵته‌ر له‌ شاره‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك و ئیداره‌ى گەرمیان هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێستا له‌ ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانى سۆران و زاخۆ و راپەڕین نه‌كراوه‌ته‌وه‌.