زیاتر لە شەش ملیاریان پێویستە
شارەوانی هەولێر: ئەمساڵ 29 پرۆژە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، شارەوانی هەولێر بە داهاتی خۆی 29 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە زیاتر لە شەش ملیار دینار خستۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمرۆ هەینی 20.10.2023، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر رایگەیاند، خەرجی ئەو 29 پرۆژەیەی لەسەر داهاتی ٪15 شارەوانی پەیداکردوە.
جگە لەو 29 پرۆژەیە شارەوانی هەولێر دەرخستەی بۆ چەند پرۆژەیەکی دیکە کردووە و لەئێستادا کار لەسەر جێبەجێکردنیان دەکرێت.
ئەو پڕۆژانەی جێبەجێکراون 15 دانەن و تێچوەکەیان یەک ملیار و 619 ملیۆن و 473 هەزار و 750 دینارە، ژمارەی ئەو پرۆژانەش کە ئێستا لە جێبەجێکردندان چوار دانەن و تێچوەکەشیان 737 ملیۆن و 350 هەزار و 250 دینارە.
ئەمانە ئەو پرۆژانەن کە لە جێبەجێکردندان:
1 – کۆنکرێتکردنی چەند شەقامێک لە گوندی گردە رەشەی گەورە.
2 – دروستکردنی رێڕەوی نابینا لە شەقامی شارەوانی تاوەکو چوار ریانی نیشتیمان و شۆستەی شەقامی بازاڕی سیروان تاوەکو چوار ریانی شێخی چۆلی و شۆستەی پارکی شار و قەیسەری و قەڵا و شەقامی باتا.
3 – دروستکردنەوەو چاککردنەوەی شەقامی سەرەکی شاری زیلان نزیک بەنزینخانەی شێر.
4 – نۆژەنکردنەوە و کۆنکرێتکردنی شەقامێک لە گەڕەکی ئازادی نزیک مزگەوتی حاجی عبدە.
بڕی سێ ملیار و 935 ملیۆن و 162 هەزار دیناری دیکە بۆ جێبەجێکردنی 14 پرۆژەی دیکە خەرجدەکرێت کە بەشێوەی تەندەرین جێبەجێدەکرێن و ئەمانەن:
1 – دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقامێک لە گوندی تورەق.
2 – دروستکردن و قیرتاوکردنی چەند شەقامێک لە گەڕەکی توڕەق پشت قوتابخانەی روانین.
3 – قیرتاوکردنی چەند شەقامێک لە گوندی کەلەکین.
4 – دروستکردنی بڕگەی ماوە لە لووپ و رەمپە و بەشێک لە شەقامی (120)م لە چوار ریانی مەخمور.
4 – دروستکردنی پارکێک لە گەڕەکی ژیان.
6 – نۆژەنکردنەوە و کۆنکرێتکردنی چەند شەقامێک لە گەڕەکی خانزاد بەرامبەر وەزارەتی کارەبا لە سنوری شارەوانی سێ.
7 – دروستکردن و کۆنکرێتکردنی (سێ) کۆڵان لە گەڕەکی مامزاوە.
8 – چاککردنەوەی پەرژین لە ناو پارکی سامی عەبدولرەحمان.
9 – قیرتاوکردنی (سێ) شەقام لە گەڕەکی فەرمانبەران نزیک مزگەوتی بڕواداران.
10 – قیرتاوکردنی شەقامێکی (20)م له گەڕەکی زیلان نزیک ئاسایشی زیلان.
11 – نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی شەقامێکی (30)م لە گەڕەکی هەولێری نوێ نزیک مزگەوتی حاجی قادر بەگ لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سێ.
12 – قیرتاوکردنی چەند شەقامێکی ناوخۆ له گەڕەکی نازناز.
13 – نۆژەنکردنەوە و کۆنکرێتکردنی پێنج شەقام لە گەڕەکی ئیسکان نزیک قوتابخانەی تەوەر.
14 – نۆژەنکردنەوە و کۆنکرێتکردنی چوار شەقام لە گەڕەکی ئیسکان نزیک قوتابخانەی کارۆخ.