پێنجوێنییەکان پیل و پاتری لە ژینگەکەیان دوور دەخەنەوە

964+
کامیار کەمال – پێنجوێن

چالاکوان و ژینگەدۆستانی قەزای پێنجوێن، چەند رۆژێکە داوایانکردبوو خەڵک پیل و پاتری لەکارکەتوویان بۆ بهێنن، تا کۆیان بکەنەوە.

ئەمڕۆ هەینی 20.10.2023، هەمان کاریان کرد و خەڵکیش چوون بە دەمیانەوە، ئەمان خەڵکی خانەخوێی قەزاکەن و کارەکەشیان هەر بەئامانجی پاراستنی ژینگەی شارەکەیانە.

ئەم چالاکییە پاڵپشتی ئیدارەی شارەکەی هەبوو، هەر بۆیە قایمقامی قەزاکەش هاوشانیان وەستا، بەوتەی سەرپەرشتیاری چالاکییەکە بێت، یەک پیل یەک تۆن خاک بۆ ماوەی 50 ساڵ پیس دەکات، هەربۆیە دەیانەوێت خاکی شارەکەیان لە دەستی زیانەکانی پیل و پاتری بپارێزن.

یەکێک لەو بەشداربووانەی کە پیلی بۆ چالاکوانەکان هێنا، مامۆستایەکی ئاینی قەزاکە بوو، ئەو وتی، ” لەو کاتەوەی زانیویەتی پیل پاشماوەیەکی خراپە، ئیتر لەگەڵ ماڵەوەیان بڕیاریداوە نەیخەنە ژینگەوە و ماوەی 15ساڵە پیل و پاتری لە کارکەتووی ماڵی خۆیان و مزگەوتیشی کۆکردووەتەوە”.

بەوتەی سەرپەرشتیاری چالاکییەکە بێت، ئەم کارەیان تا ماوەیەکی درێژ بەردەوامی پێ دەدەن و سەرجەمی ئەو پیل و پاتریەی لە ناو ماڵ و شوێنە گشتییەکان کۆی دەکەنەوە، بە رێگایەکی زانستی ریسایکل بکرێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

بەڵێنەکان بۆ پێنجوێن وەک خۆی جێبەجێنەکراوە

بەڵێنەکان بۆ پێنجوێن وەک خۆی جێبەجێنەکراوە