دیمەنێک لە سەنتەری قەزای پێنجوێن _ وێنە: سۆشیاڵ میدیا
هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن
بەڵێنەکان بۆ پێنجوێن وەک خۆی جێبەجێنەکراوە
964+
محەمەد عومەر
چەند رۆژێکە دەستەی خۆپشاندەرانی پێنجوێن هاواریان لێهەستاوە و هەڕەشەی خۆپشاندان دەکەن و داوای جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە دەکەن کە پێیان دراوە بۆ خزمەتگوزاری.
پاش ئەوەی کەلە 15.1.2023 بەشێک لەهاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن بەکۆمەڵ رژانە سەرشەقام و دژی نەبوونی خزمەتگوزاری خۆپشاندانیان کرد بەشێک لە داواکاریەکانیان بۆ جێبەجێکرا و بەشێکی زۆریشی وەک خۆی ماوەتەوە.
بەختیار عەلی چالاکوان و نوێنەری دەستەی خۆپشاندانەکانی پێنجوێن بە 964ی وت، ئەم جارە رووی دەمیان لە بەڕێوەبەری فەرمانگە و کاربەدەستانی شارەکەیانە کە بەهۆی پشتگوێ خستنی ئەرکەکەیانەوە پێنجوێن بەرەو وێران بوون دەچێت کە فشاریان نەخستووەتە سەر لایەنی پەیوەندیدار بۆ جێبەجێکردنی داواکریەکانیان.
وتیشی، پێنجوێن کارەبای 24 کاتژمێری هەیە و هەر ماڵێک بۆی هەیە 16ئەمپێر رابکێشێت، بەڵام زۆربەی ماڵەکان 30 ئەمپێر و 40 و تەنانەت 160ئەمپێریان راکێشاوە کە بووەتە هۆی مەترسی بۆ کەم بوونەوەی کارەبای پێنجوێن گەر بەم شێوازە بڕوات ئێمە دەستەکەین بە خۆپشاندان لەدژی کاربەدەستان.
زانا رەحمان قایمقامی پێنجوێن بە 964ی وت، لە ئێستاشدا زۆربەی فەرمانگەکانی پێنجوێن بایکۆتیان کردوەە و کارمەندەکانیان تەواو بێ موچەکراون و ناتوانن ئەرکەکانیان بەباشی رابپەڕێنن.
دەشڵێت: پێنجوێن کارەبای 24 کاتژمێری هەیە گرفتی کارەبای نییە و هۆکاری نەگەڕانی لیژنەکان بۆ لێپێچینەوە بەسەر هاوڵاتیان نەبوونی پێداویستی و کارمەندە کە هیچ ئیمکانیەتێکیان نییە و پارەیان بۆخەرجناکرێت و کێشەی سووتەمەنی و ئۆتۆمبێل و پێداویستییەکانیان هەیە.
بەوتەی قایمقامی شارەکە ماوەی هەشت ساڵە هیچ پڕۆژەیەک لە قەزای پێنجوێن ئەنجام نەدراوە کە هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی پارە و تەرخان نەکردنی بودجە دەگەڕێتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی