214 کاسبکاری تیادایە

داوای چۆڵ کردنی بازاڕێکی کەرکوک دەکرێت

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

هەڕەشەی نان بڕین لە 214 کاسبکاری بازاڕی گەراجی لەیلان دەکرێت، مۆڵەتی 15 رۆژیان بۆ دیاری کراوە بۆ ئەوەی ئەو بازاڕە چۆڵ بکەن.

ماوەی چەند رۆژێکە فەرمانگەیەکی حکومی کەرکوک تەنگی بە دوکاندارانی بازاری گەراجی لەیلان لە شاری کەرکوک هەڵچنیوە و داوا دەکات ئەو بازاڕە چۆڵ بکەن، لە کاتێکدا تەمەنی ئەو بازاڕە زیاتر لە 35 ساڵ دەبێت.

ئازاد زیاد دوکانی فرۆشتنی سەوزە و میوەی هەیە لەو بازاڕە بە 964ـی وت، لەساڵی 1994ـەوە لەو بازاڕە کار دەکات چەند رۆژێکە لە لایەن فەرمانگەی دانەوێڵەی کەرکوک ئاگادار کراونەتەوە کە چۆڵی بکەن نیازی رووخاندنی ئەو بازاڕەیان هەیە بە بیانووی ئەوەی زیادەڕۆییان کردووە و داگیریان کردووە.

وتیشی، “ئێمە جگە لە کرێ ساڵانە باج بە حکومەت دەدەین و وەسڵمان هەیە لەکاتێکدا بە کۆشک تۆمار کراوە نەک بە دوکان”.

سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی دانەوێڵەی کەرکوک بە 964ـی وت،  زەوی ئەو دوکانانە هی خۆمانە هەر کات وەزارەتی بازرگانی عیراق داوا بکات زەوی بفرۆشێت یاخود بیدات بە وەبەرهێنەر ئەوە مافی یاسایی خۆیەتی، ئێمەش لێرە دەبێت جێبەجێی بکەین.

پێداچوونەوە: توانا نەقی