یانه‌ی هه‌ولێر به‌ هه‌شت خوله‌ك دۆڕا

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ یارییه‌كانی گه‌ڕی 12ی خولی نایابی عێراق له‌ تۆپی پێ، یانه‌ی هه‌ولێر دووچاری سێیه‌م شكستی له‌سه‌ریه‌ك هات، كاتێك به‌ یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه‌ دۆڕا.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25ـی كانوونی یه‌كه‌م، یانه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی شه‌عب له‌ به‌غدا به‌ ئه‌نجامی 1-2 گۆڵ به‌ یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه‌ دۆڕا.

یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه‌ له‌ خوله‌كه‌كانی 5 و 8 له‌ رێگه‌ی محه‌مه‌د قاسم و حه‌مادی ئه‌حمه‌د به‌ دوو گۆڵ پێشكه‌وت، كه‌ گۆڵی دووه‌م به‌ لێدانی سزا بوو.

ئه‌م دوو گۆڵه‌ خێرایه‌ ئه‌ركی یانه‌ی هه‌ولێری له‌ یارییه‌كه‌دا قورس كرد، بۆیه‌ ته‌نیا توانیان له‌ خوله‌كی كۆتاییدا له‌ رێگه‌ی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن مه‌كنزی ته‌نیا گۆڵێك تۆمار بكه‌ن.

ئه‌مه‌ سێیه‌م دۆڕانی له‌سه‌ریه‌كی یانه‌ی هه‌ولێره‌ له‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كه‌دا، دوای ئه‌وه‌ی له‌ دوو یاریی رابردوو له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆیدا به‌ یانه‌كانی زه‌وڕا و ته‌ڵه‌به‌ دۆڕا.

یانه‌ی هه‌ولێر به‌ 12 خاڵ له‌ پله‌ی 15ـی ریزبه‌ندییه‌، یانه‌ی جه‌وییه‌ش به‌م بردنه‌وه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی به‌ 25 خاڵ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی گرتووه‌.