دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار

لە کۆڕنیشەکەی چەمی قلیاسان پارکی ئۆتۆمبێل دروستنەکراوە

+964
دیلان محەمەد جەزا

لەسەر چەمی قلیاسان، پڕۆژەی گەشتیاری دروست دەکرێت، ئێستا کارکردن لە زۆنی دوو دەستی پێکردووە، بەڵام لە پڕۆژەکەدا حسابی وەستانی ئۆتۆمبێل نەکراوە.
نەوزاد عەلی ئەندازیار لە گەشتوگوزاری سلێمانی بە 964 وت، پڕۆژەی کۆڕنیشی چەمی قلیاسان زۆنی دووی لەلایەن گەشتوگوزاری سلێمانیەوە دراوە کەرتی تایبەت، بە مەبەستی دروستکردنی جێگەیەکی گەشتیاری لەسەر ئەو چەمە، درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەترێک دەبێت.

دیزاینی پڕۆژەکە شارەوانیی سلێمانی کردوویەتی، تەنیا شەقامێکی یەک ساید دروستکراوە و هیچ پارکێکی ئۆتۆمبێل دروست نەکراوە، تەنانەت دیزاینی شۆستەکانیش بە شێوەیەک نەکراوە ئۆتۆمبێل لەسەری پارک بکرێت.

پڕۆژەکە بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، لە 1.6.2023 ەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە، پێنج مانگ بۆ تەواو بوونی دانراوە، پێکهاتووە لە دروستکردنی شەقامێک و رێڕەوی رۆیشتن و سەوزایی.

لە ساڵانی رابردوودا لە نزیک گەڕەکی قلیاسان زۆنی سێ چاککرا و چەند کارێکی تێدا کرا، بەڵام جێهێڵدرا و هیچ چاکسازییەکی تێدا نەکرا.

درێژی کۆڕنیشی چەمی قلیاسان پێنج هەزار و 300 مەترە، داوا کراوە هەر پێنج زۆنەکە کاری تێدا بکرێت و دروست بکرێت، بەڵام چەند پارچە زەویەک موڵکی تایبەتی هاوڵاتیانە لەسەر چەمەکە.

ئێستا چەمی قلیاسان ئاوی پێدا تێناپەڕێت، لە داهاتوودا بڕیارە کاری پاککردنەوە و چاککردنی رێڕەوی  چەمەکە دەکرێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر