2022 بۆ كێلگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانی كوردستان ساڵێكی شووم بوو

964+
دیلان محه‌مه‌د جه‌زا – سلێمانی

ڤیدیۆ

له‌ كوردستان رێژەی بەرھەمھێنانی مریشک لە خواستی هاوڵاتیان زیاتره‌، ئه‌مه‌ش خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان زەرەرمەند كردووه‌، به‌ قسه‌ی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانی كوردستان زیانی كوردستان سه‌رووی 150 ملیار دیناره‌.

وەسفی خەلیل راوێژکاری کشتوکاڵی له‌ ژووری بازرگانیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25ـی كانوونی یه‌كه‌م رایگەیاند، ساڵی 2022 ساڵێکی شووم بوو سەبارەت بە کێڵگە پەلەوەرییەکان، سه‌رجەم کێڵگەکان زەرەرمەند بوون و ھەندێکیان گەیشتوونەتە راده‌ی مایەپووچبوون.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، ھۆکاری خراپبوونی ئه‌م پیشەیە بۆ گرانبوونی سووتەمەنی و نەبوونی کارەبا، هه‌روه‌ها بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف و بەرزبونەوەی كرێی ھێزی کار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

وتیشی: “بازاڕی پەلەوەری کوردستان لەسەر عێراقە و ئێستا لە ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق کەرتی پەلەوەر لە بووژانەوەدایەدایه‌ و و له‌ زۆر رووه‌وه‌ ئاسانکاری بۆ خاوه‌ن كێڵگه‌كان دەکرێت”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، نرخی تێچووی کیلۆیەک گۆشتی مریشک له‌ كوردستان ٥٠٠ دینار لە چاو عێراق زیاتره‌”.

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، نازم جاف سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانی كوردستان رایگەیاند، ئه‌گەر لە کوردستان سێ ھەزار ھۆڵ مریشک فرۆشرابێت و ھەر یەکێکیان ٥٠ ملیۆن دینار زەرەری كردبێت، ئەوا دەکاته‌ ١٥٠ ملیار دینار زەرەر بۆ سەرجەمیان.

نازم جاف ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، لە شاره‌كانی سلێمانی، ھەڵەبجە و ئیداره‌ی گەرمیان ١٣٠٠ پڕۆژەی پەلەوەری ھەیە، پێداویستی ھەرێم ساڵانه‌ ٦٠ ھەزار تۆنه‌، بەڵام نزیکەی ٢٠٠ ھەزار تۆن بەرھەم ده‌هێنرێت، بۆ ھەر کەسێکیش ساڵانە ٢٤ کیلۆ مریشک بەکارده‌برێت.

964+ سۆراغی كردووه‌، نرخی كیلۆیه‌ك مریشكی زیندوو له‌ بازاڕه‌كانی كوردستان 2.750 تا 2.800 دیناره‌، له‌ كاتێكدا له‌ كێڵگه‌كانه‌وه‌ به‌ 2.400 دینار به‌ مریشكفرۆشه‌كان ده‌درێت، له‌ به‌غدا و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق نرخه‌كه‌ زیاتره‌ و له‌ به‌غدای پایته‌خت كیلۆی مریشكی زیندوو ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 5 هه‌زار دینار، به‌ڵام له‌ موسڵ و ئه‌نبار و بابل له‌ 2.750 دینار ده‌ستپێده‌كات تا 3.750 دینار.