دەیانووت بەم ئیشە پارە پەیدا دەکەن
لە سلێمانی تیکتۆکچییەک دەستگیر کرا
+964
ژووری هەواڵ
پۆلیسی سلێمانی کچێکی تیکتۆکچی و دایکیان دەستگیرکرد، چونکە ”شیرازەی کۆمەڵگەیان تێکداوە”.
ئەم تیکتۆکچییە نازناوی ”مەلیک”ی لە خۆی نابوو، لە تیکتۆک دەردەکەوت و دایکیشی لەولاوە هانی دەدا، ناوە ناوەش هەر لە لایڤدا جنێویان بەو کەسانە دەدا کە رەخنەیان لێ دەگرتن.
دایک و کچ چەندین جار خۆیان دەیانووت بەم ئیشە پارە پەیدا دەکەن و زەرەریان بۆ کەس نییە، بەڵام دیارە پۆلیس بە زەرەری زانیون بۆیە گیران.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ی وت، هەواڵەکە راستە، بەڵام دوێنێ دەستگیرکراون نەک ئەمڕۆ، بەڵام ئەمڕۆ هەواڵەکە بڵاوبووەتەوە.
وتەبێژەکەی پۆلیس وتی ”لەسەر داوای داواکاریی گشتی و بە پێی مادەی دووی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیرکراون”.
مادەی/2 یاسای ژمارە (6) ساڵی (2008) پەرلەمانی كوردستان كە تایبەتە بە ئامێری پەیوەندی
هەر كەسێك ئامێری تەلەفۆن و لاسلكی یان ئینتهرنێت و پۆستی ئەلیكترۆنی بە خراپی بەكار بهێنێت، وەك هەڕەشە و جنێودان یان بڵاو كردنەوەی هەواڵی نادروست و ترسناك یان بڵاو كردنەوەی وێنە و پۆست كە پێچەوانەی ئادابی گشتی بێت، یان بڵاو كردنەوەی وێنەی كەسێك بە بێ مۆڵەتی خاوەنەكەی كە كار لە كەسایەتی بكات، یان بڵاوكردنەوەی هەواڵی خێزانی كەسێك كە زیانی پێ بگات بەند دەكرێت، كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە پێنچ ساڵ زیاتر نەبێت، ههروهها پێبژاردن كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پێنچ ملیۆن زیاتر نەبێت یان یەك لەو سزایانەی سەرەوە.