هاوین هۆکار بوو
حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە لە سلێمانی کەمیان کردووە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد رەشید لە سلێمانی، لە ماوەی مانگی نۆدا نزیکەی 700 حاڵەتی سکچوون و رشانەوە تۆمارکراوە بەراورد بە مانگی هەشت کەمیکردوە.
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەکە کە بە 964 دراوە، مانگی هەشت، هەزار و 689 حاڵەتی سکچوون و رشانەوە و وشکبوونەوە و 355 حاڵەتی هەناسەتووندی هەبوون، بەڵام مانگی هەشت 965 حاڵەتی سكچوون و رشانەوە و وشكبوونەوە و 443 حاڵەتی هەناسەتوندی تۆماركراون.
پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری د.جەمال ئەحمەد رەشید بە 964ی راگەیاند، هۆکاری کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە بۆ گۆڕانی وەرز و کەمبوونەوەی گەرما دەگەڕێتەوە.
وتیشی، “لەمەودوا نەخۆشییەکانی هەڵامەت و کۆکە زۆر دەبن”.
هەر بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەکە، مانگی رابردوو 234 منداڵ لە بەشی بەدخۆراكی و 331 منداڵ لە بەشی تیشك و دەمار و 250 منداڵ لە بەشی ڕاهێنانەوەی چارەسەری خۆراك بینراون و 186 منداڵ لە بەشی نەبەكام داخڵ كراون.
هەر لەو مانگەدا 18.115 پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و 129 پشكنینی گەشەی هۆرمۆن و 497 سۆنەر و 71 ئیكۆ ئەنجام دراوە و 425 تیشك گیراوە.
کۆی گشتی سەردانکەرانی نەخۆشخانەکە لە مانگی نۆدا 15 هەزار و 950 منداڵ بووە لەکاتێکدا سەردانکەرانی مانگی هەشت 16 هەزار و 808 منداڵ بووە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی