به‌ فه‌رمانێكی نهێنی مووچەی 193 کەمئەندام دەگەڕێتەوە

‌964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

سه‌رۆكى حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌ فه‌رمانێكی نهێنی، مووچه‌ى 193 خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌تى گه‌ڕانده‌وه،‌ كه‌ پێشتر به ‌پێی یاسای چاكسازى مووچه‌كانیان بڕابوو.

به‌پێی نووسراوێكی فه‌رمی وه‌زاره‌تى دارایی و ئابوورى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان، كه‌ وێنه‌یه‌كی لای +964 ـه‌ و لە رێكه‌وتى 6ی 12ی 2022 دەرچووە، ئاماژە بە گەڕانەوەی مووچەی 193 خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت كراوه‌، بە بەردەوامبوونی پێدانی کۆمەکی کەمئەندامی بۆ ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی، کە لەهەمان کاتدا مووچەی میراتگری خانەنشینی وەردەگرن.

مه‌رجى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و مووچانه‌شیان ئه‌وه‌یه‌، ده‌بێت هه‌ریه‌ك له‌و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تانه‌ راپۆرتى پزیشكی نوێیان هه‌بێت، ئینجا مووچه‌ گه‌ڕاوه‌كه‌یان پێده‌درێته‌وه‌،

ئه‌و نووسراوه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تى كردووه‌‌، كه‌ پێشتر وه‌زاره‌تى كار له‌ رێكه‌وتى 13ى11ى 2022 نوسراوێكیان به‌ ژماره‌ (8399) بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ناردبوو بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى مووچه‌ى ئه‌و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌تانه‌.

وەزارەتی دارایی جەختی کردووه‌تەوە، مەرجی پێدانه‌وه‌ى مووچەی ئەو کەسانە ئەوەیه، کە راپۆرتی نوێی پزیشکییان هەبێت و مەرجەکانیان تێدا بێت و پێشتر مووچەی کەمئەندامییان وەرگرتبێت.

به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تى كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌ ده‌ست +964 كه‌وتووه‌، له‌هه‌رێمی كوردستاندا 87 هەزار و 175 كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت مووچە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن.

+