"تۆفانی ئەقسا"
حەماس دەڵێت هەزاران موشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و دەیان کەس بریندارن
964+
ژووری هەواڵ
بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دەستیکردووە بە ئۆپراسیۆنێکی کتوپڕ لەناو شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل کە هاوسنوری غەزەن، بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، تاوەکو ئێستا ئیسرائیلیەک کوژراوە و 15ـی دیکەش بریندار بوون، ئەوە جگە لە سووتانی دەیان ئۆتۆمبێل و باڵەخانە.
حەماس ئۆپراسیۆنەکەی ناوناوە “تۆفانی ئەقسا” و بە قسەی خۆی هەزاران موشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، داوای لە گروپە چەکدارەکانی دیکەی فەڵەستین و لوبنان کردووە هاوکاری بن.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ خەڵکی ئیسرائیل و فەڵەستینیش بە ترس و تۆقینەوە رۆژیان کردەوە و وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، “حەماس بەم رەفتارانەی باجی قورس دەدات”، هاوکات حاڵەتی فریاگوزاریی و ئامادەیی بۆ جەنگ راگەیاند.
سوپای ئیسرائیلیش دەستیکردووە بە وەڵامدانەوە، شوێنەکانی حەماس لە غەزە بۆردومان دەکات و بەپێی هەندێک راپۆرت، بەهۆیەوە تا ئێستا دوو فەڵەستینی کوژراون.
کێشەی ئیسرائیل – فەڵەستین کێشەیەکی لەمێژینەیە، ئەگەرچی هەردوولا لە گەلانی کۆنی ناوچەکەن، بەڵام رێناکەون لەگەڵ یەکتری و پێیانوایە خاکی یەکتریان داگیرکردووە، تا ئێستا لەنێوانیاندا هەزاران کوژراو و بریندار هەن.
ئەم هەواڵە ئەپدەیتی هەیە و چاوتان لەسەر 964 بێت.