هەر پرۆژەیەک بە دڵی خۆی دۆلار بۆ هاوبەشەکانی دەگۆڕێتەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا
دواکەوتنی موچە و بەرزی نرخی دۆلار کێشەی بۆ زۆرێک لە کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوون دروستکردووە لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەکاندا، بە سۆراغی 964 هەر پڕۆژەیەک بە ئارەزوی خۆی دۆلار دەشکێنێتەوە.
عەزیز محەمەد بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی ئەوەی لە 964 نەشاردەوە و وتی، بەردەوام هەوڵیانداوە کەمترین کێشە دروست ببێت، داوایان لە وەبەرهێنەرەکان کردووە، هاوکاری هاوڵاتیان بکەن لەسەر بابەتی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و خراپی دۆخی موچە.
وتیشی، هاوڵاتیان سەردانیان دەکەن بەهۆی کێشەیان لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکاندا، “وەبەرهێنانی سلێمانی توانیویەتی چارەسەری کێشەکان بکات”.
زۆرێک لە وەبەرهێنەران کارئاسانیان کردووە و چاوەڕوانی بەشداربووەکانیان دەکەن تا موچە وەردەگرن پاشان قیستەکانیان ببەن.
“هەندێک لە پڕۆژەکان بە نرخی بانکی ناوەندی دۆلار وەردەگرن لە کڕیارەکانیان، بەڵام تا ئێستا ناتوانرێت بڕیارێک دەربکرێت کە پڕۆژەکان سەرجەمیان بە نرخی بانکی ناوەندی دۆلار وەربگرن، لەبەر ئەوەی لقی ئەو بانکە لە هەرێمدا نییە”، عەزیز محەمەد وای وت.