پزیشکی داد لە زاخۆ پزیشکی نییە

964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لە کاتی هەر رووداوێکی کوشتن، یان مردنێکی گوماناوی، پۆلیسی زاخۆ بە ناچاری تەرمی مردووەکان رەوانەی دهۆک دەکات، زاخۆ خاوەن پەیمانگەی پزیشکی دادە، بەڵام پزیشکی نییە.

بە گوێرەی سۆراغی 964، لە پارێزگای دهۆک تەنیا سێ پزیشکی داد هەن و سەرجەمیان لە سەنتەری پارێزگای دهۆک کاردەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5.10.2023، ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە 964ی وت، “نەبوونی پزیشکی داد لە زاخۆ زۆرێک لە رێکارە یاساییەکانی دواخستووین، بەشێوەیەک جاری وا هەیە چوار رۆژ چاوەروانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک دەکەین تا بەدەستمان دەگاتەوە”.

دکتۆر سیروان ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی زاخۆ بۆ 964 ئەوەی روونکردەوە، شوێن و کەرەستەی پێویست و بینایان هەیە، بەڵام پزیشکی دادیان نییە، ئەگەر هەوڵ بدرێت پزیشکێکی پسپۆڕی تایبەتمەندیان بۆ دابنرێت، کارەکانیان بەئاسانی بەرێ دەکەن.

دوکاندارەکانی ناوبازاڕی زاخۆ نیگەرانن لە گۆڕینی سایدی...

دوکاندارەکانی ناوبازاڕی زاخۆ نیگەرانن لە گۆڕینی سایدی شەقامەکە

لە لایەکی دیکەوە، ئەفراسیاب موسا، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک لە وەڵامی داوای تەندروستی زاخۆ بۆ 964 وتی، “نوێنەرایەتی پزیشکی داد بابەتێکی ئەوەندە ئاسان نییە، لە هەموو شوێنێک بکرێتەوە و مەرجیش نییە لە هەموو شوێنێک هەبێت، تایبەتمەندییەکانی پزیشکی دادیش زۆر زۆر کەمن، بە جۆرێک لە هەموو عێراق یەک پەیمانگای پزیشکی داد هەیە”.

بەوتەی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی دهۆک بێت، “ئەوان ناتوان لە هەموو ئیدارە سەربەخۆ و قەزاکان، بەشی پزیشکی دادیان هەبێت”.

“جاری وا هەیە تەرمی مردووەکە، یەک مانگیش لای پزیشکی داد دەمێنێتەوە بۆ ئەنجامی لێکۆڵینەوە، بۆیە بابەتێکی هەستیارە و ناتوانین بە ئاسایی وەریبگرین”، ئەفراسیاب موسا وای وت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا