964+
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە
ئایا لێخۆشبوونی سزای یەک رۆژی شۆفێران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی بەغدا رایگەیاندووە، بەفەرمانی سودانی هەموو شۆفێرێکی عێراق، سزای ئەمڕۆی هاتوچۆی لەسەر هەژمار ناکرێت، بەڵام هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، هێشتا هیچمان بەدەست نەگەیشتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە بەبۆنەی رۆژی نیشتیمانی عێراق، لەهەموو پارێزگاکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە پشووی فەرمی بوو، بەڵام وا دیارە ئەم بڕیارە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت.
بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بۆ 964 وتی، “ئەم بڕیارانە پێویستیان بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمە، تا ئەم کاتە هیچمان بە دەست نەگەیشتووە”.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی عێراقی، جگە لەو بڕیارە، بەبۆنەی جەژنی نیشتیمانی عێراق، تەنیا ئەمڕۆ ناوچەی سەوزی بەغدا بەڕووی هاوڵاتیان دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ 91 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دیاریکردنی جەژنی نیشتیمانی عێراق ئەمەش دوای ئەوەی دوو ساڵ بەر لەوە عێراق رێکەوتنێکی ئیمزاکرد بۆ دەرچوونی لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیا.