نمونەی سایلۆیەکی نوێ لە گەرمیان. وێنە:964+
"پارەی گەنمی جوتیاران ئامادەیە"
سایلۆیەکی نوێ بۆ هەڵەبجە دروست دەکرێت
964+
فەهمی نەبی
بڕیارە لەمساڵدا سایلۆیەک بۆ پارێزگای هەڵەبجە دروست بکرێت و هاوکات بەمنزیکانە ئەو بەشەی پارەی گەنمی جوتیاران ماوە دەگات، ئەمە بەپێی هەواڵێکی
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەت.
نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی رایگەیاندووە، لە هەرێمی کوردستان هەشت سایلۆ هەن، دوو سایلۆی دیکە دروستکراون لە رۆڤیا و کەلار، ژمارەیان دەبێت بە 10 سایلۆ، لەگەڵ ئەوانەدا بڕیاردراوە ئەمساڵ سایلۆیەکی دیکە لە هەڵەبجە دروست بکرێت.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جوتیاران نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەفتەی پێشوو بۆ 964 وتبووی، لەکۆی 411 ملیار و 24 ملیۆن و 296 هەزار دینار، پارەی گەنمی جووتیارانی ئەمساڵ تا ئێستا بڕی 233 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە رەوانەکراوە.
وتیشی “85%ـى پارهى هاتووى گهنمى جوتیارانی هەرێم دابهشكراوه و چاوهڕێین لە ئایندەیهكی نزیكیشدا بڕە پارهی ماوە کە 178 ملیار و 24 ملیۆن و 296 هەزار دینارە، بگاته ههرێمی كوردستان”.
نەوزاد شێخ کامیل ئەوەش دەڵێت، “ئەو پارەیە تەرخانکراوە و چاوەڕێین بەغدا بینێرێت”.
بڕیارە بەر لە وەرزی چاندنی گەنمی ئەمساڵ هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق کۆببنەوە بۆ دانانی پلانێک بۆ ئەوەی بەپێی رووبەری داچیندراوی گەنم، پلانی وەرگرتنی گەنم دابڕێژن، ئەمەش بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم.