کاردانەوەی تەقینەوەکەی دوێنێی ئەنقەرە بووە

شەوی رابردوو تورکیا چەندین شوێنی هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە یەکەم کاردانەوەی دوای توقینەوەکەی ئەنقەرە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا درەنگانی شەوی رابردوو چەندین هێرشی ئاسمانیان لە سنوری برادۆست، بناری قەندیل و زنجیرە چیای مەتینا ئەنجامدا.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت، هێرشەکان لە کاتژمێر 09:00ـی شەوی یەکشەممە دەستیانپێکردووە و 20 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت، پەکەکە لە باکوری عێراقەوە هەڕەشە لە خەڵکی تورکیا دەکات و هێرشەکان لەدژی ئەوان ئەنجامدراون.

دەشڵێت، لە ناوچەکانی مەتین، خواکوڕک، قەندیل و گارە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئەنجامدراون و هێرشەکان پشتئەستوورن بە بڕگەی 51ـی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مافی بەرگری لە خۆکردن لە باکووری عێراق دەدات بە تورکیا.

“ئۆپەراسیۆنەکە بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان و لەناوبردنی هێرشە تیرۆریستییەکان ئەنجامدراوە”، وەزارەتی بەرگریی تورکیا وا دەڵێت.

ئەم هێرشانەی تورکیا لەدوای تەقینەوەکەی بەیانی هەمان رۆژ 1.10.2023 دێت کە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە نزیک وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتە روویدا و ئێوارەی هەمان رۆژ پەکەکە لەڕێی میدیای نزیک لە خۆیەوە هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.

نزیک شارەوانی بناری قەندیل بۆردومان کرا

نزیک شارەوانی بناری قەندیل بۆردومان کرا