ترێیەکی زۆری لەناوبردووە
شەش ساڵە بەراز بەربوومی جوتیارانی دێرەلووک بیخێر دەکات
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
لە ناحیەی دێرەلووک ماوەی شەش ساڵە بەراز هێرشی دەکاتە سەر بەربوومی ژمارەیەک لە زەوی جوتیاران.
ناوچەی دێرەلوک دەکەوێتە قەزای ئامێدی، بەربوومە هاوینیەکانی وەک تەماتە، خیار، پیاز، شووتی، کولەکە، کولەکەی زەرد، باینجان و لوبیا لەو ناوچانە دەچیندرێن.
حەسەن سەرگەڵی جوتیاری ناحیەی دێرەلووک بە 964ی وت، “ساڵانە لە وەرزی هاویندا بەراز زیانێکی زۆر بە بەرهەمەکانمان دەگەیەنێت، ئەمساڵیش زیاتر لە ملیۆنێک دینارم زەرەرم کردووە”.
ئەو جوتیارە دەڵێت، نەک هەر زەوییەکەم زیانی پێگەیشتووە، بەڵکو زۆربەی زەویەکانی ناوچەکە زیانیان بەرکەوتوون، لە شەویش ناتوانین چاودێری زەویەکەمان بکەین بەهۆی شەڕ لەناوچەکە.
بەقسەی جوتیارەکە، ئەو بەرهەمانەی بەراز زیانی پێ گەیاندوون، شووتی، تەماتە و کولەکەی زەردە، ئەمساڵ نزیکەی دوو دۆنم زەوی ترێی لەناو بردووە.
“لە بەرامبەر ئەو کارانەیان ناتوانین هیچ بکەین، چونکە لەلایەن حکومەتەوە سزا دەدرێین” حەسەن سەرگەڵی وای وت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی