بێ مووچەن
لە کەرکوک و خورماتوو زەنگی بایکۆت لێ درا
964+
سیروان خورشید و کاروان ساڵحی
بەشێک لە مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک و قەزای دوزخوزماتوو لە بەردەم پەروەردەکانیان گردبوونەوە، لە کاتێکدا مامۆستایانی خوێندنی کوردی بوون بەدوو بەشەوە، بەشێکیان دوای لێدانی زەنگی چوونە نێو پۆلەکانەوە و بەشێکی دیکەیان زەنگی بایکۆتیان لێدا.
مامۆستایانی سەربە میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی دواکەوتنی موچە و پلەبەرزنەکردنەوەی مامۆستایان، بایکۆتیان راگەیاندووە، مامۆستا پەروین فاتیح بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە کەرکوک بە 964ی وت، پاڵپشتی لە داواکاری مامۆستایان دەکەین، چونکە موچەکانیان دوا دەکەوێت و پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان راگیراوە.
ئەو ئەوەشی وت، لە بەر ئەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، بە دەم داواکاری مامۆستایانەوە بێن و بە هەندی وەرگرن، چونکە رێژەی ناونووسکردنی خوێندکاری کورد لە دابەزینە، بە رێژەیەک کە ساڵانی رابردوو 12 بۆ 13 هەزار ناو تۆمار دەکرا، لە کاتێکدا ئەمساڵ تەنیا حەوت هەزار ناو تۆمار کراوە.
لە لایەکی دیکەوە، نەوزاد قادر سەرپەرشتیاری گردبوونەوەی قەزای دوزخورماتوو بە 964ی وت، “ئێمە 10 رۆژ مۆڵەت بە حکومەت دەدەین، تا تەواوی داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکەن، بەپێچەوانەوە، رێکاری تووندتر “دەگرینەبەر.
لە قەزای دوزخورماتوو 22 قوتابخانەی سەرەتایی هەیە، لەگەڵ 11 قوتابخانەی ناوەندی و دواناوەندی و 3 باخچەی ساوایان، کۆی گشتی مامۆستایانی بەشی کوردی 650 مامۆستان و راژەکانیان سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا