200 خوێندکار
خوێندکارەکانی: چارەنووسی کۆلیژی پزیشکی گەرمیان یەکلابکەنەوە
964+
میلاد جەلال
خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان گردبوونەتەوە، دەڵێن “دەمانەوێت کۆلیژەکەمان دابخرێت” ئەوان دەڵێن، “تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە بەردەوام دەبن لە گردبوونەوەکانیان، ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە رێگای دیکە دەگرنە بەر”.
پێنج ساڵە کۆلیژەکە کراوەتەوە و خوێندکار تێیدا بۆ پزیشکی گشتی دەخوێنن، ئەمساڵ بڕیارە یەکەم ساڵی تەخەروجی خوێندکارانی ئەو بەشە بێت، کە بە نزیکەیی 200 خوێندکار لە هەر شەش قۆناغەکەدا دەخوێنن.
نوێنەری خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی گەرمیان بۆ 964 بەم شێوەیە باسی لە گرفتەکانیان کرد، “کۆلیژەکە گرفتی زۆرە، ستافی پێویستی نییە بۆ وتنەوەی وانەکان، ھەروەھا نەخۆشخانەی فێرکاری گرنگترین شتە بۆ فێربوونی قوتابییەکان بە شێوەی پراکتیکی، بەڵام ئەوەشمان نییە”.
توانا لەتیف ئەوەشى وت، “دەبێت چارەسەری خێرا بۆ خوێندکارانی هەر شەش قۆناغەکە بکرێت، چونکە ھەر کۆلیژێکی پزیشکی نەخۆشخانەی فێرکاری نەبێت بڕوانامەکەی باوەڕپێکراو نابێت”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا