ئه‌و مامۆستا به‌ریتانیه‌ی‌ له‌ كوردستان بوو به‌ تۆمه‌تی‌ گێچه‌ڵی‌ سێكسی‌ ده‌ستگیركرا

“سزای 20 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا”

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر

پۆلی قوتابخانەیەک – Google

مامۆستایەکی بەریتانی بە ناوی نیکۆڵاس کڵایتۆن، کە لە هەرێمی کوردستان کاری کردووە، بە تۆمەتی گێچەڵی سێکسی بە قوتابییەکانی لە وڵاتەکەی خۆی سزای 20 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

میدیازان زانیویەتی، نیکۆڵاس کڵایتۆن بەڕێوەبەری قوتابخانەی نێودەوڵەتی بەریتانی بووە لە زاخۆ بۆ ماوەی دوو مانگ و نزیکەی دوو ساڵیش لە لقێکی دیکەی هەمان قوتابخانە بووە لە دهۆک.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسە لە 23ی ئەیلولی 2022، لە شاری لیڤەرپول دادگایی کراوە، دوای ئەوەی ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا (NCA) دەستگیری کردووە.

ئاژانسەکە تۆمەتی گێچەڵکردنی سێکسی خستبووە پاڵ نیکۆڵاس، بەوەی داوای وێنەی جەستەی لە منداڵانی 10 تاوەکو 16 ساڵ کردووە لەو وڵاتانەی کاری تێداکردووە.

بۆ ئەو مەبەستە، میدیازان پەیوەندی بە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکەی زاخۆ و دهۆک کرد.

عەلی هەڤاڵ، بەڕێوەبەری کارگێڕی قوتابخانەکە لە زاخۆ بۆ میدیازانی پشتڕاستکردەوە کە نیکۆڵاس کڵایتۆن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیان بووە بۆ ماوەی دوو مانگ لە ساڵی 2015.

بەڵام رەتیکردەوە هیچ حاڵەتێکی گێچەڵی سێکسی لەو ماوەیەدا تۆمارکرابێت.

“هیچ حاڵەتێکی گێچەڵی سێکسی لای ئێمە تۆمارنەکراوە”

بەڕێوەبەری کارگێڕی قوتابخانەکە لە زاخۆ

لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا ئەوەی ئاشکراکردووە، کە ئەو مامۆستایە لە رێگەی مەسنجەری فەیسبوکەوە نامەی بۆ سەدان کوڕی منداڵ و هەرزەکار ناردووە و داوای وێنەی لێکردوون.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، منداڵەکان خەڵکی عێراق، فلیپین، سریلانکا، سەنگاپور، تایلاند، ئیندۆنیزیا، مەغریب و تورکیان.

لەلایەکی دیکە، ئیدریس ساڵح محەمەد، سەرپەرشتیاری گشتیی قوتابخانەی نێودەوڵەتی بەریتانی لە دهۆک بە میدیازانی وت، نیکۆڵاس کڵایتۆن لە 2015 تاوەکو چەند رۆژێک دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 2017 بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیان بووە.

ئەویش هەروەکو بەرپرسانی قوتابخانەکەی زاخۆ رەتیکردەوە هیچ حاڵەتێکی گێچەڵی سێکسی لای ئەوان تۆمارکرابێت.

ئیدریس ساڵح محەمەد باسی لەوەکرد، زیاتر لە هەفتەیەکە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو بابەتە لەسەر هێڵە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە.

میدیازان پەیوەندی بە وەزارەتی پەروەردە کرد، سامان سیوەیلی، وتەبیژی وەزارەتەکە وتی، هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو بابەتە نییە.