زۆربەی ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە دەستگیرکراون
بەهۆی رووداوی سپایکەر 101 کەس سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە
964+
فەهمی نەبی
سەرۆکی دادگای تاوانەکانی رەسافە لە بەغدا رایگەیاندووە بەهۆی تاوانی سپایکەرەوە کە لە ساڵی 2014 روویدا سزای لە سێدارەدان بۆ 101 کەس دەرچووە.
زیا کینانی سەرۆکی دادگای تاوانەکانی رەسافە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، زۆربەی ئەوانەی تاوانی سپایکەریان ئەنجامداوە و دەستگیرکراون و سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
سەرۆکی دادگای تاوانەکانی رەسافە دەڵێت، بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی هەموو ئەوانە دەرچووە کە دەستیان لە رووداوەکە هەبووە.
هەفتەی پێشوو سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە عێراق هەر کەسێک سزای لەسێدارەدانی بۆ دەربچێت لە عێراق 45 دادوەر دۆسیەکەی دەبینن.
رووداوی سپایکەر چۆن روویدا؟
رووداوی سپایکەر لەنێوان 12 تا 15ی حوزەیرانی 2014 روویدا لە کاتێکدا سەربازگەی فیرقەی 18 لە شاری تکریت کە خوێندکارانی هێڵی ئاسمانی عێراقی لەوێ دەیانخوێند، کەوتە دەست چەکدارانی رێکخراوی داعش، بەگوێرەی داتای حکومەتی عێراق بێت ئەوانەی ئەو رۆژە کوژران ژمارەیان هەزار و 700 خوێندکار بووە، بەڵام سەرۆکی دادگای رەسافە دەڵێت ژمارەیان سێ هەزار خوێندکار بووە، بەشێوەیەکی دڕندانە بەدەست و چاوی بەستراوەوە کوژران و فڕێدرانە رووباری دیجلە.
دوای نۆ ساڵ هێشتا پرۆسەی دادگایکردنی ئەوانەی تاوانەکەیان کردووە بەردەوامە، زیا کینانی دەڵێت، “پۆلیسی ئینتەرپوڵ هاوکاری زۆری پرۆسەکەی کردووە و چەندان کەسی رادەست کردووینەتەوە کە داوامان کردوونەتەوە”.