داوای قەرەبوو دەکەن

لە زاخۆ سەدان پارچە زەوی کەوتوونەتە بەر هێڵی شەمەندەفەر

964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

سەدان پارچە زەوی لە سنوری ناحیەی رزگاری قەزای زاخۆ بەر دیزاینی هێڵی شەمەندەفەری تورکیا – عێراق کەوتوون و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی دەڤەرەکە لە ئاوەدانکردنەوەی زەوییەکانیان و دروستکردنی خانوو بێبەش بن.

لەوبارەیەوە، ژمارەیەک هاوڵاتی ناحیەی رزگاری بە 964یان وت، “نۆ ساڵە رێگەنەدراوە زەوییەکانمان بکەین بە خانوو، خەڵکی تێدایە کرێچیە و رێگەنادرێت خانووی خۆی دروست بکات، لەکاتێکدا ئەو پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەرە کەس نازانێت دروست دەکرێت یان نا”.

لە ساڵی 2014ـەوە بڕیاردراوە هێڵی شەمەندەفەر لە تورکیاوە بێتە سنووری زاخۆ و دواتر بەرەو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق درێژببێتەوە. پرۆژەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستیپێنەکردووە.

لەسەر ئەم بابەتە، ئەدیب جەعفەر بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بە 964ـی وت، “بڕیارەکەیان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە پێگەیشتووە و ئێمە تەنیا جێبەجێمان کردووە”.

وتیشی، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ شوێنێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵکە زیانبەرکەوتووە ئامادەکردووە، بەڵام ناتوانن بیاندەنێ، چونکە جارێ بە دیاریکراوی نازانرێت کوێی ئەو زەویانە بەر هێڵەکە دەکەوێت.

دوو ساڵە زاخۆ بووە بە ئیدارەی سەربەخۆ

دوو ساڵە زاخۆ بووە بە ئیدارەی سەربەخۆ