دیمەنی کاتی راهێنانی خانمە ناوبژیوانەکان. وێنە: 964
خولی ناوبژیوانی خانمان کرایەوە
964+
هێژا خەسرەو
لە شاری هەولێر و بە سەرپەرشتی لقی هەولێری یەکێتی تۆپی پێی عێراقی خولێکی ناوبژیوانی بۆ خانمان کراوەتەوە کە 25 خانمە ناوبژیوان لە پارێزگاکانی عێراقەوە بەشدارییان تێدا کردووە.
ئەم خولە لەلایەن ئیسماعیل حافی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ئوردنی کە لەلایەن فیفاوە متمانەی پێکراوە بەڕێوەدەچێت و ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت و رۆژانە وانەکانی فێربوون دەوترێتەوە و لە ئێوارانیشدا لە یاریگادا وانەکان جێبەجێدەکەن.
ئەرسەلان قادر، سەرپەرشتیاری خولەکە بە 964ـی راگەیاند، ئەوانەی بەشدارییان لەم خولەدا کردووە ئاستی زانیاریان زۆر باشە، ئەوان توانای ئەوەیان هەیە لە ئێستاوە ئەرکی فەرمی کاری ناوبژیوانی وەربگرن، تەنیا کاتیان پێویستە و لە هیچ شتێکیان کەم نییە.
ئەرسەلان زیاتر دەڵێت، “دەمانەوێت هەنگاو بە هەنگاو ئەم ناوبژیوانانە لە خولەکاندا بەشداری پێبکەین، سەرەتا لە خولەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوان، دواتریش لە ئاستی تازەپێگەیشووان، دڵنیام لەم کارەدا سەرکەوتوو دەبین و ناوبژیوانی ئاستبەرز پێدەگەیەنین”.
ئەم خولە یەکەمجارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و بەشداربووان لە شارەکانی هەولێر، بەغدا و بابلەوە هاتوون.